کەتەلۆنییەکان ناوی زۆرترین منداڵیان دەکەنە لیۆ

30-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی هەڵبژاردنی کەتەلۆنیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کەتەلۆنییەکان هێشتا عاشقی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی پێشووی یانەی بارسێلۆنان و تاوەکو ئێستاش زۆرترین منداڵی تازەلەدایکبوو لەو هەرێمە، لە خۆشەویستی مێسیدا بە لیۆ ناودەنرێن.
 
ناوی لیۆ بۆ یەکەمجارە، لە هەرێمی کەتەلۆنیادا دەچێتە پلەی یەکەم لە لیستی ئەو ناوانەی کە بەکاردەهێنرێن بۆ ناونانی زۆرترین منداڵانی تازەلەدایکبوو.
 
بە گوێرەی ئامارەکانی پەیمانگای دیستادیتیکا دی کەتەلۆنیا، لە ساڵی 2022 لە کەتەلۆنیا 433 منداڵ بە ناوی یەکەمی یاریزانی پێشووی بارسا ناونراون، کە هیچ ناوێکی دیکە ئەوەندەی ناوی "لیۆ" بەکارنەهێنراوە.
 
رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا، لەو بارەیەوە بڵاویانکردووەتەوە کە ناوی لیۆ لە ساڵی 2021 لە پلەی پێنجەم بوو لە لیستی ئەو ناوانەی بەکاردەهێنرێن بۆ ناونانی زۆرترین منداڵانی تازەلەدایکبوو. لە ساڵی 2022 گەیشتووەتە پلەی یەکەم، لەکاتێکدا مارک بۆ پلەی سێیەم گەڕاوەتەوە و نیل لە پلەی دووەمدایە.
 
لیۆنێل مێسی کە مێژوویەکی پڕ لە سەرکەوتن و دەستکەوتی لەگەڵ یانەی کەتەلۆنییەکە تۆمارکردووە، یەکێکە لەو کەسایەتییانەی خەڵکی کەتەلۆنیا زۆر خۆشیان دەوێت و هەمیشە شانازی پێدەکەن.
 
لیۆ بەشێوەیەکی گشتی دوای ناوەکانی نیل، مارک، پۆڵ و یان باوترین ناوە لە هەرێمی کەتەلۆنیا. لە کاتێکدا لەنێو خانماندا جولیا زۆرترین ناوی باوە لەو هەرێمە، ئینجا ئیتانا بە پلەی دووەم دێت، کە لە ساڵی رابردوودا 103 منداڵی مێینەی تازەلەدایکبوو ناویان کراوەتە ئیتانا، لە هەمان ماودا 43 کچی تازە لەدایکبووە نانراون ئەلێکسی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە