ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا کلاسیکۆیەکی بەهێز و سەرنجڕاکێشی لە ریال مەدرید بردەوە

30-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کلاسیکۆ
کلاسیکۆ
نیشانەکردن کلاسیکۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا کلاسیکۆی دۆستانەی بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێ لە یانەی ریال مەدرید بردەوە.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری دالاسی ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا و لە یاریگەی تی ئەی ئەی بە ئامادەبوونی 82 هەزار هاندەر، کە یەکەمجارە ئەو ژمارەیەی هاندەران لە یارییەکدا ئامادەبن، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید رووبەڕووی یەکبوونەوە.
 
دوای دوو خولەک یارییکردن ئۆریۆل رۆمیۆ، بەلێدانێکی بەهێز هەڕەشەی لە گۆڵی ریال مەدرید کرد و ستوون رێگەی نەدا گۆڵی یەکەمی بەدرێسی یانەی بارسێلۆناوە تۆماربکات.
 
لە خولەکی 14 پێدری تۆپێکی جوانی دایە عوسمان دێمبێلی، یاریزانە فەرەنسییەکەس بەهەموو هێزی خۆی تۆپەکەی ئاراستەی گۆڵ کرد و گۆڵی یەکەمی بارسای تۆمارکرد.
 
دوای پێنج خولەک لەو گۆڵە، ڤینیسیۆس جونیۆر یەکەم لێدانی سزای بەدرێسی ریال مەدریدەوە جێبەجێکرد، بەڵام لە جێبەجێکردنەکەدا سەرکەوتوو نەبوو و هەلی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی لەدەستدا.
 
دوای چەند هێرشێکی هەردوولا، جارێکی دیکە ڤینیسیۆس ستوونی گۆڵی بارسێلۆنای هەژاند و یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە هەر رووینەدا.
 
لە خولەکی 40 دێمبێلی هەلێکی زێڕینی بۆ رێککەوت و بەتەنیا لەگەڵ کۆرتوا مایەوە، بەڵام گۆڵپارێزە بەلجیکییەکە ئازایانە گۆڵەکەی پاراست و نیوەی یەکەم لە بەرژەوەندیی بارسا کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا ریال مەدرید بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە و بارسێلۆناش بۆ پاراستنی گۆڵەکەی یارییاندەکرد، دێمبێلی ئەمجارەش خۆی تاقیکردەوە، بەڵام هەر سەرکەوتوو نەبوو.
 
ئورلیێن چوامینی لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵکرد، بەڵام شتین بە نەخێر وەڵامی دایەوە.
 
لە خولەکی 82 ڤینیسیۆس جونیۆر هەوڵێکی دیکەیدا، بەڵام هەر گۆڵ نەکرا.
 
دوای دوو خولەک فیرمین لۆپێز، یاریزانی لاوی بارسێلۆنا کە وەک یاریزانی یەدەگ بەشداریی لە یارییەکەدا کرد، بەلێدانێکی بەهێز گۆڵێکی مێژوویی تۆمارکرد و تۆڕی گۆڵی ریال مەدریدی بۆ جاری دووەم هەژاند و گڕی بەردایە نێو هاندەرانی یانەکە و ریال مەدریدی بێهیواکرد.
 
ڤینی جارێکی دیکە لێدانێکی ئاراستەی گۆڵکرد، بەڵام هەر ستوون رێگریی کرد.
 
لە خولەکی یەکەمی کاتی زیادکراوی یارییەکەدا، فێران تۆرێس، گۆڵی سێیەمی بارسێلۆنای بە ئاسیستێکی فیرمین لۆپێز تۆمارکرد.
 
یارییەکە بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی یانەی بارسێلۆنا کۆتاییهات، ئەمە دووەم یاریی دۆستانەی یانە کەتەلۆنییەکە و سێیەم یاریی ریال مەدرید بوو.
 
هەردوو یانە سێ یاریی دۆستانەیان لە ئەمریکا کردووە، بارسێلۆنا هەرسێ یارییەکەی لە ریال مەدرید بردووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە