بەهۆی هالاندەوە لە بایرن رۆیشتی؟ لیڤاندۆڤسکی وەڵامدەداتەوە

30-07-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی ئێرلینگ هالاند بایرن میونشن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پێشووی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، کە بەم دواییە پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانییەوە کرد، هیرشێکی تووندی کردە سەر یانەی پێشووی و بەرپرسانی بە درۆزن وەسفکرد.
 
هێرشبەری پۆڵەندی، هەندێک لە بەرپرسانی یانە باڤارییەکە تۆمەتبارکرد بەوەی درۆیان کردووە سەبارەت بە چۆنیەتی رۆیشتنی لە یانە باڤارییەکە لە هاوینی ئەمساڵدا.
 
لیڤاندۆڤسکی لە لێدوانێکی نوێدا، گوتی "هەست دەکەم لە شوێنی گونجاودام، بایرن میونشنیش هەوڵیدا شەڕێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی پاساو بۆ فرۆشتنەکەم بهێنێتەوە، چونکە لەوانەیە زەحمەت بووبێت روونکردنەوە بدەنە هاندەران".
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، دەبێت ئەمە قبوڵ بکەم تەنانەت ئەگەر درۆیەکی زۆریش لەبارەی منەوە هەبێت، بەڵام لە کۆتاییدا دەزانم هاندەران تەنانەت لەم کاتەشدا هێشتا زۆر پشتگیریم دەکەن.
 
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەستێرەی نوێی بارسا، گوتی  "هەندێک کەس راست ناڵێن، شتێکی جیاواز دەڵێن، بۆ منیش هەمیشە گرنگ بوو روون و راستگۆبم، لەوانەیە ئەمە بۆ هەندێک کەس کێشەیەک بووبێت".
 
لیڤا دووپاتیشیکردەوە "کاتێکی گونجاو بوو بۆ ئەوەی ریزەکانی بایرن میونشن جێبهێڵم و گرێبەست لەگەڵ بارسێلۆنا بکەم، پەیوەندییەکی زۆر باشم لەگەڵ هاوڕێ و راهێنەرانی بایرن هەیە و بیری هەموویان دەکەم".
 
ئایا رۆیشتنت بەهۆی ئێرلینگ هالاندەوە بوو؟ ئەمە پرسیارێکی دیکە بوو کە لە لیڤا کرا و ئەو لە وەڵامدا گوتی "نەخێر، رۆیشتنم هیچ پەیوەندییەکی بە هالاندەوە نەبوو. من پیاوێکم تەنانەت ئەگەر شتێکی باشیش بۆ من نەبێت، راستییەکە لای من گرنگترە، نامەوێت قسە لەسەر ئەوە بکەم کە بەڕاستی چی روویداوە، بەڵام ئەگەر پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا بڕیاری گواستنەوە بەهۆی ئەوەوە بووە، دەڵێم نەخێر".
 
ئینجا وەڵامی پرسیارێکی دیکەیشی دایەوە، کە ئایا لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر چاوەڕێی چی لە خۆت و هەڵبژاردەی پۆڵەندا دەکەیت؟ ئەو گوتی "پاڵەوانێتییەکی نوێ دەبێت بۆ هەموومان. بۆ یەکەمجار لە ناوەڕاستی وەرز و لە دەوروبەری کاتی جەژنی کریسمس یاریی دەکەین، بەڵام دەبێت هەموو هەوڵێکمان بخەینەگەڕ".
 
لیڤا باسی ئاوبامیانگیشی کرد، کە جارێکی دیکە پێکەوە یاری دەکەن و گوتی "زیاتر لە 9 یان 10 ساڵ لەمەوبەر لە بۆرووسیا دۆرتمۆند کاتێکی خۆشمان بەیەکەوە بەسەربردووە. زۆر باش لەبیرمە چۆن لە یاریگەدا یاریمان دەکرد و چۆن لە دەرەوەی یاریگەشدا دەژیاین، ئۆبا کەسێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە