وەرزی نوێی تۆپی پێی ئینگلتەرا بە لووتکەی مان سیتی و لیڤەرپوول دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

وەرزی نوێی تۆپی پێی ئینگلتەرا بە یاریی لووتکەی هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی، پاڵەوانی پرێمەرلیگ و لیڤەرپوولی پاڵەوانی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا دەستپێدەکات.
 
ئەمڕۆ ئێوارە لە یاریی جامی قەڵخانی ئینگلتەرادا، هەردوو یانە کاژێر 19:00 لەسەر یاریگەی کینگ پاوەری یانەی لێستەر سیتی رووبەڕووی یەکدەبنەوە و یارییەکەیان دەبێتە دەستپێکی رکابەرییەکانی رکابەرییەکانی تۆپی پێی ئینگلتەرا بۆ وەرزی 2023-2022 لەسەر ئاستی یانەکانی پرێمەرلیگ.
 
هەردوو یانە ماوەی دوو هەفتەیە چوونەتە نێو ئامادەکارییەکان و بەرێژەیەکی باش بۆ یارییەکە ئامادەن، لە ریزەکانی لیڤەرپوول هەریەکە لە ئەلیسۆن بیکەری گۆڵپارێز و دیۆگۆ جۆتا بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، لە ریزەکانی مانچێستەر سیتی ئێمریک لاپۆرت پێکانی هەیە و تاوەکو مانگی 11 ناگەڕێتەوە نێو یاریگەکان.
 
لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی چەند گۆڕانکارییەکیان لە پێکهاتەکانیاندا کردووە، لیڤەرپوول دەستبەرداری سادیۆ مانێ، دیڤۆک ئۆریگی و تاکومی مینامینۆ بووە و هەریەکە لە داروین نونێز، فابیۆ کارڤالیۆ و کالڤین رامسای گواستووەتەوە.
 
لە بەرامبەر مانچێستەر سیتی گرێبەستی لەگەڵ ئێرلینگ هالاند، جولیان ئەلڤارێز، کالڤین فیلیپس و ستیڤن ئۆرتێگای گۆڵپارێز کردووە، چەند یاریزانێکیش لە یانەکە رۆیشتن لەوانەش گابریێل خیسوس، ئۆلیکساندەر زینچینکۆ، رەحیم ستێرلینگ و زاک ستیفێن بەشێوەی خواستن.
 
بەر لە یارییەکە پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی گوتی " ئامادەین بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بکەین، دەمانەوێت بەبردنەوەی ئەو یارییەوە بچینە نێو وەرزی نوێ، هەرچەند ماوەی هەفتەیەک و نیو بۆ ئێمە و بۆ لیڤەرپوولیش بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ رکابەرییەکان کەمە."
 
پێپ زیاتر دەڵێت " ئێرلینگ هالاند بۆ یارییەکە ئامادەیە، بەدڵنیاییەوە هەموومان دەمانەوێت لە لیڤەرپوول ببەینەوە، بردنەوەی نازناو لە دۆڕان باشترە، ئەمە ویستی هەموومانە نەک تەنیا یاریزانان."
 
لەلایەن خۆیەوە یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری لیڤەرپوول لەبارەی یارییەکەوە گوتی " بیرکردنەوەمان لای یارییەکەیە، بەڵام دەکرا یارییەکە لە کاتێکی دیکەدا بکرێت، بەتایبەت کە ئێمە وەرزێکی دوور و درێژمان بەڕێکرد و کەمترین ئامادەکاریمان کردووە، ئەمە ئەو یارییە کە من خۆشمدەوێت."
 
راهێنەری لیڤەرپوول هێشتا گوتی " لەو بڕوایەدانیم کە یارییەکە دەبێتە هۆکاری ئەوەی بتوانین هەڵسەنگاندن بۆ وەرزەکە بکەین، یارییەکە لەنێوان دوو تیپی باشدا دەکرێت و هیوادارم بتوانین بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەوین."
 
لیڤەرپوول 10 جار نازناوی قەڵخانی ئینگلتەرای بردووەتەوە و دوایینجار لە 2006 بووە، مانچێستەر سیتی 6 جار بووەتە پاڵەوان، دوایینجار لە 2019 بوو.