لێدوانی فەرمیی راهێنەر و سەرۆکی بارسێلۆنا لەبارەی مێسییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسیلۆنا دەڵێت " هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی جاریکی دیکە باشترینی مێژوو بەدرێسی بارسێلۆنا یاری بکاتەوە."، چاڤیش گوتی " بەدڵنیاییەوە دەمەوێت مێسی بگەڕێتەوە."
 
لاپۆرتا لەلێدوانێکی نوێدا لە نیویۆرک لەبارەی مێسییەوە وەڵامی پرسیارێکی دایەوە، کە هەستناکەی هاندەرانی بارسا بەشێوەیەک سەیرت دەکەن کە ستەمت لە مێسی کردووە؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی " من ئەو کارەمکردووە کە پێویستبوو بیکەم، من یانەکەم خستە سەرووی باشترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێ، بەڵام من زۆر قەرزداری مێسیم."
 
سەرۆکی بارسێلۆنا زیاتر دەڵێت " هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە باشترین یاریزانی مێژوو بەدرێسی بارسێلۆناوە ببینین، هاندەرانی یانەکەش چەپڵەی بۆ لێبدەن."
 
خوان لاپۆرتا هێشتا گوتی " سەردەمی مێسی لە بارسێلۆنا کۆتایی نەهاتووە، ئەمە ئەو شتەیە کە هەموومان هیوای بۆ دەخوازین، ئەو بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە لە یانەکە رۆیشت، ئێمە لە رووی رەوشتەوە قەرزداری ئەوین، هیوادارم کۆتایی کاروانەکەی بەدرێسی بارسێلۆناوە بێت و لە هەموو یاریگەکاندا بەیەکەوە ئاهەنگ بگێڕین."
 
لەلایەن خۆیەوە چاڤی هێرناندێز، راهێنەری بارسێلۆنا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییە دۆستانەکەیان بەرامبەر یانەی نیویۆرک رێدبۆڵزی ئەمریکی گوتی " مێسی ئێستا گرێبەستی لەگەڵ پاریس سانجێرمان هەیە، ئێمە بیرکردنەوەم لای وەرزی نوێیە، پاڵپشتی ئەو بیرۆکەیە دەکەم کە کاروانی مێسی لە بارسێلۆنا کۆتایی نەهاتووە، ئەو شایستەی هەلی دووەمە و ئەگەر پرسیار لە من دەکەن دەتەوێت بگەڕێتەوە؟ بەڵێ بەدڵنیاییەوە."
 
راهێنەری بلاوگرانا هێشتا گوتی " بیرۆکەی گەڕاندنەوەی مێسی بۆ داهاتووە، نەک ئەمساڵ، بابزانین چی روودەدات."
 
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ناوی لیۆنێل مێسی جارێکی دیکە بە بارسێلۆنا بەسترایەوە، لەکاتێکدا یاریزانەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان ساڵێکی ماوە.
 
پێشتر پاریس سانجێرمان داوای نوێکردنەوەی گرێبەستی لە لیۆ کردووە، بەڵام یاریزانەکە پێیگوتوون کە دوای مۆندیالی 2022ـی قەتەر بڕیاری خۆی دەدات.
 
لیۆنێل مێسی تەمەنی 35 ساڵە، 21 ساڵ لە بارسێلۆنا مێژوویەکی گەورەی تۆمارکرد، لە 778 یارییدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا 672 گۆڵی بۆ یانەکە تۆمارکردووە و هەموو نازناوەکانیشی لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە.