مانچێستەر سیتی گرێبەستێکی دیکەی مێژوویی واژۆدەکات

رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی نزیکە لەوەی یەکێک لە گرانترین گرێبەستەکانی مێژووی پرێمەرلیگ واژۆبکات.

رۆژنامەی گاردیان بڵاویکردووەتەوە، یانەی مانچێستەر سیتی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ جاک گریلیشی یاریزانی ئاستۆن ڤێلا و هەردوولا نزیکن لە رێکەوتن، بەهۆی زۆری بڕی گرێبەستەکەشی ئاستۆن ڤێلا لاری نییە لە رۆیشتنی ئەو یاریزانەی.

هەردوولا لە گفتوگۆی راستەوخۆدان و چەند وردەکارییەکی کەمی گرێبەستەکە ماوە کۆتاییبێت، لە چەند رۆژی داهاتووشدا سیتیزنس گرێبەستی ئەو یاریزانە ئینگلیزییەکە بۆ یانەکەی رادەگەیەنێت.

گرێبەستی جاک بە بڕی 90 ملیۆن پاوەند دەبێت و بەمەش دەبێتە گرانترین یاریزان لە مێژووی ئینگلتەرا و ژمارەی پێوانەیی هاری ماگوایەر دەشکێنێت کە بە بڕی 80 ملیۆن پاوەند لە لێستەر سیتییەوە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد کرد

گریلیشی تەمەن 25 ساڵان لە وەرزی رابردوودا بەشداری لە 26 یاریدا کرد و 6 گۆڵی تۆمارکرد و 12 گۆڵیشی درووستکرد، لە 12 یارییەکەی دیکەشدا بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکاندا نەکرد.