فەرمی.. محەممەد بن سەلمان لە کڕینی نیوکاسڵ کشایەوە

رووداو دیجیتال

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئینگلتەرا رایانگەیاند، سندووقی وەبەرهێنانی سعوودیە لە پرۆسەی کڕینی یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی کشایەوە.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاندووە "سندووقی وەبەرهێنانی سعوودیە، بە سەرۆکایەتی محەممەد بن سەلمانی چێنشینی سعوودیە، لە دەستەوارەی کڕینی یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی کشایەوە، کە زۆر نزیک بوو لە کڕینی بەرامبەر بە 300 ملیۆن پاوەند".

پێشتر سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا ئاماژەیان بەوە کردبوو کە کۆمپانیای PCP Capital Partners کە رۆڵی نێوەندگیری لەنێوان سندووقی وەبەرهێنانی سعوودیە و مایک ئاشلیی خاوەنی نیوکاسڵ دەگێڕێت،  گەیشتبووە رێککەوتنێک لەنێوان هەردوو لادا و تەنانەت خاوەنەکەی نیوکاسڵ بڕە پارەیەکیشی وەک پێشینە وەرگرتووە.


وەک سەرچاوە بەریتانییەکان باسی دەکەن، سندووقی وەبەرهێنانی سعوودیە لە بڵاوکراوەیەکدا کشانەوەی خۆی لە کڕینی یانە ئینگلیزییەکە راگەیاندووە و تێیدا هاتووە "رێزێکی زۆرمان بۆ جەماوەی یانەی نیوکاسڵ هەیە، دەزانین کە یانەیەکی چەند گرنگە، بەڵام بڕیارمانداوە لە بڕیاری هەوڵدان بۆ وەرگرتنی خاوەنداریەتی ئەو یانەیە بکشێینەوە".

هەروەها تێیدا هاتووە "بەداخەوە، ئێمە زۆر بە پەرۆش بووین و بە تەواوی پابەندبووین بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە شاری نیوکاسڵی گەورە، پێشمانوابوو دەتوانین یانەکە بگەڕێنینەوە بۆ پێگە مێژووییەکەی".

هەروەها لە بڵاوکراوەکەدا نووسراوە "بەداخەوە رێککەوتنی نێوان سندووقی وەبەرهێنانی سعوودیە و خاوەنەکانی یانەکە هەڵوەشایەوە، چونکە بارودۆخەکان روون نەبوون".