سانچێز ئامادەنییە بگەڕێتەوە مان یونایتد


رووداو دیجیتاڵ

ئالێکسیس سانچێز، ئەستێرەی چیلی و یانەی ئینتەرمیلان نایەوێت بگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد، سەرەرای ئەوەی راهێنەری یانەکە دەیەوێت سوودی لێ وەربگرێت.

سانچێز لەم وەرزەدا بەشێوەی خواستن لە مان یونایتدەوە پەیوەندیی بە ئینتەرمیلان کردووە، ماوەی خواستنەکەی دوای سێ رۆژی دیکە کۆتاییدێت، بەڵام دیارنییە چارەنووسی ئەو یاریزانە چی دەبێت.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا، سانچێز نایەوێت جارێکی دیکە بگەڕێتەوە مانچێستەر یونایتد و لەگەڵ ئینتەرمیلان دڵخۆشە، لەکاتێکدا ئۆلێ گونار سۆلشایەر، راهێنەری یانەکە دەیەوێت وەرزی داهاتوو سانچێز بگەڕێتەوە یانەکە و بۆ ئەو یاریی بکات.

بەرپرسانی مانچێستەر یونایتد لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی سانچێز رازیبکەن بگەڕێتەوە یانەکە و ئامادەنین دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببن.

سانچێز سەرەتای ساڵی 2018 بەرامبەر 35 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی ئارسیناڵەوە پەیوەندیی بە ریزەکانی مانچێستەر یونایتدەوە کرد و 500 هەزار پاوەند مووچەی یاریزانەکە بوو، بەڵام یاریزانەکە لەگەڵ ئەو یانەیە دڵخۆش نەبوو، بۆیە ئێستاش یاریزانەکە ئامادەنییە بگەڕێتەوە ئۆڵدترافۆرد.

بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، ئینتەرمیلان ئامادەیە 30 ملیۆن پاوەند بەرامبەر سانچێز بداتە مانچێستەر یونایتد، بەڵام لەبەرامبەردا پێویستە یاریزانەکە رازیبێت مووچەکەی کەمبکرێتەوە.