فەرمی.. یوفا چارەنووسی یاری بارسێلۆنا و ناپۆلی دیاریکرد

رووداو دیجیتال

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا دووپاتیکردەوە، یاری بارسێلۆنا و ناپۆلی لە کات و شوێنی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەدەچێت.

دوای ئەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەندێک ناوچەی ئیسپانیا تەشەنەی کردەوە، بەتایبەتیش لە شاری بارسێلۆنا، بەرپرسانی یانەی ناپۆلی داوایانکرد یارییەکەیان بەرامبەر بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگدا لە سەر یاریگەی کامپ نو نەکرێت و بگوازرێتەوە بۆ پۆرتوگال.

بڕیارە رۆژی 8/8/2020 یاری گەڕانەوی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ لەنێوان بارسێلۆنا و ناپۆلی لەسەر یاریگەی کامپ نو بەڕێوەبچێت، کە لە یاری چووندا لەسەر یاریگەی سان پاولۆ لە ناپۆلی هەردوو یانە بە گۆڵێک یەکسان بوون.

یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا لەو بارەیەوە رایگەیاند "یارییەکە بەپێی پڵانی بۆ دانراو لە کات و شوێنی دیاریکراو بەڕێوەدەچێت و هیچ گۆڕانێک بەسەر کات و شوێنەکەیدا نەهاتووە".

هەروەها یوفا دەڵێت "بە بەردەوامی لە پەیوەندیداین لەگەڵ دەستەڵاتدارانی شاری بارسێلۆنا بۆ گرتنەبەری هەموو رێوشوێنە پێویستەکان، بۆ ئەوەی یارییەکە بە سەرکەوتوویی و بێ هیچ مەترسییەک ئەنجام بدرێت".