خەونە گەورەکەی لاپۆرتا بۆ رزگارکردنی بارسێلۆنا رووخا

رووداو دیجیتاڵ

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، جارێکی دیکە شکستی هێنا و نەیتوانی لە رێگەی بازاڕی بۆرسەوە پەرە بە یانە کەتەلۆنییەکە بدات، و گەشەیەکی گەورەی ئابووری پێشکێش بە یانە کەتەلۆنییەکە بکات.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، بارسێلۆنا لەژێر چەتری کۆمپانیایەکی نوێ بەناوی "بارسا میدیا" لە چوونە ناو بازاڕی بۆرسە کشاوەتەوە، ئەمەش هەنگاوێک بوو کە لە رێگەیەوە لاپۆرتا ئامانجی کۆکردنەوەی یەک ملیار یۆرۆ بووە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، ماونتێن هاوبەشی بارسێلۆنا، بۆرسەی ئاگادارکردووەتەوە کە بۆ هەمیشە واز لە ئەگەری چوونە ناو بازاڕی بۆرسە دەهێنێت.
 
ئەو سەرچاوەیە روونیشیکردەوە کە ماونتێن پێشتر مانگێک لەمەوبەر بۆرسەی ئاگادار کردبووەوە کە رووبەڕووی کێشەی زۆر دەبێتەوە لە دۆزینەوەی ژینگەیەکی گونجاو و نموونەییدا، ئەمەش بەهۆی گرفتی بارسێلۆنا لە کۆکردنەوەی هاوبەشێکی پابەند، بەتایبەتی کە سندوقی “لیبرۆ” کە پێشتر ستۆدیۆی بارسێلۆنای کڕیوە، بەردەوام بوو لەسەر پابەندنەبوون بە پێدانی 40 ملیۆن یۆرۆ.
 
بەشێک لە شارەزایانی ئابووری هەنگاوی بارسێلۆنایان بۆ چوونە نێو بازاڕی بۆرسە، بەبێ هیچ کۆنتڕۆڵێک و بەشێوەیەکی خێرا، بە مەترسییەکی زۆر دەزانی.
 
خەونی لاپۆرتا ئەوەبوو کە “بارسا میدیا” سەرەتا بە بەهای 400 ملیۆن یۆرۆ بخاتە نێو بۆرسە، بەهیوای ئەوەی بەهاکەی بۆ یەک ملیار یۆرۆ بەرز بکاتەوە.
 
بەڵام ئەم خەونە لە شەوێکدا داڕما و سەرۆک لەلایەن ناوەندەکانی کەتەلۆنیاوە کەوتە بەر لێشاوی رەخنەکان.