ئەمڕۆی یۆرۆ.. جۆرجیا دەیەوێت لە سوپرایزەکانی بەردەوام بێت

30-06-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یۆرۆی 2024 ئیسپانیا ئینگلتەرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دووەم رۆژی رکابەرییەکانی قۆناخی شازدەی یۆرۆدا، ئێوارەی ئەمڕۆ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بەرامبەر هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا یارییدەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو
 
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا، بەهۆی کارێکی تایبەتەوە ئەڵمانیای بەجێهێشت و گەڕایەوە ئینگلتەرا، فیل فۆدن دەستی بە مەشق و راهێنان کردەوە و لەگەڵ هەڵبژاردەکە خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادە دەکات.
 
هەریەکە لە دیکلان رایس و کێران تریپێر لە دوای قۆناخی کۆمەڵەکان چەند یەکەیەکی راهێنانیان بەتەنیا ئەنجامدا، بەڵام ئەوانیش گەڕاونەتەوە دەستیان بە مەشقی بەکۆمەڵ کردووە.
 
ئینگلتەرا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەیەکەمی کۆمەڵەکەی سەرکەوت، بەڵام رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، بەهۆی ئەوەی ئاستی وەکو پێویست نەبوو.
 
ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە چەند راهێنانێکی یۆگا بکەن، بۆ ئەوەی ئارامتر بۆ قۆناخی شازدە ئامادەبن.
 
ئینگلتەرا 6 جار بەرامبەر سلۆڤاکیا یارییکردووە، پێنج یاریی لەو هەڵبژاردەیە بردووەتەوە و لە یارییەکەدا هەردوولا یەکسانبوون.
 
لە دووەم یاریی ئەمڕۆی یۆرۆدا، هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە قۆناخی شازدەی یۆرۆدا، بەرامبەر سوپرایزی پاڵەوانێتییەکە یاریی دەکات و دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات لە رکابەرییەکاندا
 
ئەمشەو لە چوارەم یاریی قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکەدا، ئیسپانیا، کە باشترین هەڵبژاردەی قۆناخی کۆمەڵەکان بوو بە سێ بردنەوەی لەسەریەک، بەرامبەر هەڵبژاردەی جۆرجیا یاریی دەکات.
 
رۆدری دوای ئەوەی بۆ یارییەک راگیرا بوو گەڕاوەتەوە نێو پێکهاتەی لارۆخا، لویس دی لا فوێنتێ دەیەوێت بەباشترین پێکهاتەوە یارییەکەی ئەمشەو ئەنجامبدات، بۆ ئەوەی درێژە بە ئەنجامە باشەکانی و بڕینی قۆناخەکانی یۆرۆ بدات.
 
ئیسپانیا لە پاڵاوتنەکاندا دووجار بەرامبەر جۆرجیا یارییکرد، هەردووجارەکە سەرکەوتنی بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە بەدەستهێنا، بەڵام ئێستا شتێکی دیکەیە و دەزانێت پێویستی بە ماندووبوونێکی زیاترە بۆ بردنەوە لەو هەڵبژاردەیە.
 
هەڵبژاردەی جۆرجیا، سوپرایزێکی گەورەی تۆمارکرد، کاتێک لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکاندا، سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەدەستهێنا و لە یەکەم بەشداریکردنیدا لە یۆرۆدا خۆی گەیاندە قۆناخی شازدە.
 
ئێستا جۆرجییەکان متمانەیەکی زۆریان بەخۆیان هەیە و دەیانەوێت رکابەری ئیسپانیا بکەن بۆ پەڕینەوە بەرەو قۆناخی داهاتوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە