تۆتێنهامەکەی کۆنتی بە دوو گرێبەست بازاڕی گواستنەوە دەهەژێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە چەند کاژێری داهاتوودا یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی دوو گرێبەستی گرنگ رادەگەیێنێت و ریزەکانی بۆ وەرزی نوێی خولی ئینگلیزی و چامپیۆنزلیگ تۆکمە دەکات.
 
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەڤانی تایبەت بە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان هەواڵی رێککەوتنی یانەی تۆتێنهامی لەگەڵ ریچالیسۆنی ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی ئێڤێرتۆنی ئینگلیزی راگەیاند، هەروەها هەمان سەرچاوە گرێبەستکردنی یانەی تۆتێنهامی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا راگەیاند لەسەر گواستنەوەی کلێمێن لێنگلێ بۆ یانە لەندەنییەکە.
 
گرێبەستی گواستنەوەی لێنگلێ بۆ تۆتێنهام بەخواستن دەبێت بۆ وەرزێک، هەردوو یانە و یاریزانەکەش رازین لەسەر گواستنەوەکە و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە کە پێدەچێت ئەمڕۆ رابگەیێندرێت. 
 
لەلایەکی دیکەوە بۆمبەکەی تۆتێنهام هەر لە چەند کاژێری داهاتوودا دەتەقێتەوە، ئەویش بە گواستنەوەی ریچالیسۆن دێ ئاندرادا لە یانەی ئێڤێرتۆنەوە. 
 
نرخی گواستنەوەی ریچآ هێشتا دیارینەکراوە، بەڵام بەپێی میدیاکانی بەریتانیا نزیکدەبێتەوە لە 60 ملیۆن پاوەند، ئێستا یاریزانەکە لەگەڵ بەرپرسانی سپێرز لە گفتوگۆدایە لەسەر مەرجە تاکەکەسییەکان و تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە.
 
ریچالیسۆن ماوەی چوار ساڵە یاریزانی یانەی ئێڤێرتۆنە، 152 یاری ئەنجامداوە و 53 گۆڵی تۆمارکردووە لەگەڵ 14 ئاسیستدا.
 
تۆتێنهام لەم هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ سێ یاریزاندا کردووە، ئیڤان پێریشیچ، ئیف بیسۆما و بێن فۆستەری گواستەوە، بەم دوو یاریزانەش دەبێتە تاکە یانەی گەورە کە زۆرترین گرێبەستی کردبێت بەر لە دەستپێکردنی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان.