"یاریزانانی لیڤەرپوول شایستەی ئەوە نین قەیتانی پێڵاوەکانی دی برۆین تووند بکەنەوە"

رووداو - هەولێر

دانی مێرفی، یاریزانی پێشووی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی پێیوایە، کیڤن دی برۆینی یاریزانی بەلجیکی یانەی مانچێستەر سیتی لەوە گەورەترە رێڕەوی رێزلێنان بۆ یاریزانانی یانەی لیڤەرپوول دروست بکات.

بڕیارە بەر لە یاری پێنجشەممەی داهاتووی نێوان لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی لە پرێمەرلیگدا، یاریزانانی مان سیتی رێڕەوی رێزلێنان بۆ یاریزانانی رێدز دروست بکەن، بەو پێیەی لیڤەرپوول پێشوەختە نازناوی پرێمەرلیگیان بردووەتەوە.

دانی مێرفی ئەو کارە بە ناڕەوا دەزانێت و دەڵێت "رێڕەوی رێزلێنان کارێکی بێمانایە لە تۆپی پێدا، هیچ پێویست بەو کارانە ناکات، ئەوە سووکایەتییە بۆ هەندێک یاریزانی وەک کیڤن دی برۆین".

مێرفی هەروەها گوتی "هاندەران نایانەوێت ئەوە ببینن، یاریزانانیش پێیان خۆش نییە ئەو کارە بکەن، کەواتە چ پێویستە ئەو نەریتە بمێنێت".

ئەو کۆنە یاریزانەی ئارسیناڵ لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا، گوتی "ئەوانەی بڕیارە دی برۆین رێڕەوی رێزلێنانیان بۆ بکات بۆ ئەوە دەستنادەن قەیتانی پێڵاوەکانی دی برۆین تووند بکەنەوە".

ئەو زیاتر لەبارەی دی برۆینەوە، گوتی "دی برۆین باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی جیهانە، چۆن دەبێت چەپڵە بۆ ئەوانە لێبدات کە ناتوانن قەیتانی پێڵاوەکانی گرێبدەن".