ماوەی گواستنەوەی یاریزانان لە ئیسپانیا دیاریکرا

رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، وادەی گواستنەوەی یاریزانانی بۆ وەرزی داهاتوو، لە ژێر رێنماییەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا دیاریکرد.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا رایانگەیاند، بازاری گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان لە 4ـی ئاب دەستپێدەکات و رۆژی 5ـی ئۆکتۆبەریش دەرگای گواستنەوەی یاریزانان دادەخرێت.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، یانەکان پێشنیازێکیان پێشکێشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا کردووە، بح ئەوەی بازاری گواستنەوەی زستانە لە 4ـی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو دەستپێبکات تاوەکو 1ـی مانگی شوبات بەردەوامبێت.

رۆژنامەکە ئەوەی راگەیاندووە، گۆڕانکاریکردن لە وادەی گواستنەوەی یاریزانان تەنیا بۆ ئەم وەرزەیە، کە پێشتر لە مانگی هەشت کۆتاییدەهات، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە گۆڕانکاریی تێداکرا.

چالاکییەکانی تۆپی پێ لەسەر ئاستی ئەوروپا، بەهۆی کۆرۆناوە بۆ ماوەی 3 مانگ راگیران، بۆیە فیدراسیۆنەکان بەناچاری گۆڕانکارییان لە خشتەی یارییەکان و بازاری گواستنەوەشدا دەکەن.