ریال مەدرید هەژەندێکی گەورەی پێیە

30-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، لەلایەک خۆی بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ ئامادەدەکات و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ راگەیاندنی گرێبەستە گەورە و سەرنجڕاکێشەکەی کیلیان ئێمباپێ.
 
ریال مەدرید ئەمڕۆ بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، دەگاتە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کە رۆژی شەممە رووبەڕووی یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی دەبێتەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.
 
یانەی شاهانە ماوەیەکی زۆرە کار بۆ گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ دەکات و هەمووان چاوەڕێی راگەیاندنی گرێبەستی ئەو یاریزانە بۆ یانەکە دەکەن.
 
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی، کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید دەیەوێت هەفتەی داهاتوو، کیلیان ئێمباپێ وەکو یاریزانی یانەکە لە کەرنەڤاڵێکی گەورەدا لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە میدیا و هاندەرانی بناسێنێت.
 
ئێمباپێ لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاندووە، دەچێتە خولێکی نوێ و یانەیەکی نوێ، بەپەرۆشە بۆ ئەوەی یانەی داهاتووی رابگەیێنرێت، بەڵام ئامادەنەبوو راستەوخۆ ناوی ریال مەدرید بڵێت.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "یانەی ریال مەدرید مەبەستییەتی لە ناساندنی کیلیان ئێمباپێ زۆرترین هاندەر کۆبکاتەوە و کەرنەڤاڵێک گەورەتر لە پێشوازیکردن لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ئەستێرە فەرەنسییەکە ئەنجامبدات."
 
یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئێمباپێ تاوەکو 30-6 بەردەوامدەبێت، بەڵام یانەکە گڵۆپی سەوزی بۆ یاریزانەکە هەڵکردووە بۆ ئەوەی یانەی داهاتووی رابگەیێنێت.
 
ئێمباپێ رۆژی چوارشەممە پەیوەندیی بە هەڵبژاردەی فەرەنساوە کردووە، بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ یارییەکانی یۆرۆی 2024، دیدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەکە دەڵێت "هەرکاتێک گرێبەستەکەی رابگەیێنرێت بۆ ئێمە هیچ کێشەیەک نییە."
 
پێشتر کیلیان ئێمباپێ رایگەیاندبوو، بەر لە یارییەکانی یۆرۆی 2024 ناوی یانە نوێیەکەی ئاشکرا دەکات.

کیلیان ئێمباپێ



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە