دەستەوارەیەکی خەیاڵی لە سعودیەوە بۆ بنزیما
رووداو دیجیتاڵ
کەریم بنزیما، هێرشبەری فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید نزیکە لە بەجێهێشتنی یانە ئیسپانییەکە و راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیش وردەکاریی دەستەوارەی سعودییە بۆ ئەو یاریزانە ئاشکرادەکات.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی ئێل موندۆی ئیسپانی دەستەوارەیەکی گەورە و بە ورەکاریی زۆرەوە خراوەتە بەردەم بنزیما، بۆ ئەوەی رازی ببێت رووبکاتە خولی سعودیە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە دەستەوارەکە بەمشێوەیەیە.
- هیچ باجێک لە یاریزانەکە وەرناگیرێت و مووچەکەی بە کاش وەردەگرێت.
- ٪100 مافەکانی وێنەگرتنی یاریزانەکە لەگەڵ ئەو یانەیەی یاریی بۆ دەکات بۆ کەریم دەبن.
- یاریزانەکە خۆی بڕیاردەدات بچێتە کام یانە و لە کام شار بژیت.
- بە پەیوەندیکردنی بە خولی سعودیە، بنزیما دەبێتە باڵیۆزی وڵاتەکە بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2030
- چەندین گرێبەستی بازرگانیی لەگەڵ دەکرێت
- گرێبەستەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت.
- جێبەجێکردنی مەرجی لاوەکی کە خۆی دایدەنێت
رۆژنامەکە ئاماژەی بۆ بڕی پارەی گرێبەستەکە نەکردووە، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی دیکە دەڵێن "حکومەتی سعودیە خۆی سەرپەرشتی ئەم گرێبەستە دەکات و 200 ملیۆن یۆرۆی بۆ تەرخانکراوە."
ناوی بنزیما لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بە یانەی ئیتیحادی پاڵەوانی خولی سعودیە بەستراوەتەوە، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی لەم هاوینەدا لەگەڵ ریال مەدرید کۆتاییدێت و یانەی شاهانەش بەدوای شوێنگرەوەیەک دەگەڕێت بۆ ئەو یاریزانە.