ڤیدیۆ؛ زاخۆ بەبێ 4 یاریزانی یاریی لووتکە دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەی راهێنەرانی یانەی زاخۆن بەیەکەوە کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی باشترین پلان بدۆزنەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەیەک کە رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی خولی عێراق دەکات.
 
لە یاریی لووتکەی خولەکەدا و لە رکابەرییەکانی گەڕی 31 یانەی زاخۆ لە ئێوارەیەکی سەرنجڕاکێشی شارەکەدا، لەنێو هەزاران هاندەریدا میوانداریی یانەی شورتە دەکات، کە میوانەکەی رکابەری بۆ بردنەوەی نازناوەکە و پارێزگاریکردن لە نازناوی وەرزی رابردووی خولەکە دەکات.
 
زاخۆییەکان بەیەکسانبوونیان لە دێربیی بادینان گەڕاونەتەوە و بە ورە بەرزییە بۆ یارییەکە ئامادەن و عەلی حوسێن و بازی ئارماند بەهۆی وەرگرتنی سێ کارتی زەردەوە و حیجازی ماهر بەهۆی نەخۆشییەوە یاریی ناکەن و محەممەد ئەلغنێمیش نەخۆشە و دیارنییە بۆ یارییەکە ئامادەدەبێت یان نا.
 
یانەی زاخۆ لە دوایین 11 یارییدا هیچ بردنەوەیەکی بەرامبەر یانەی شورتە نەبووە، لە دوایین دوو یارییشیدا لە یاریگەی خۆی کە بەرامبەر ئەو یانەیە ئەنجامیدابێت یەکسانبووە، یانەکە بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئێوارە بە ورە بەرزییەوە خۆی ئامادەکردووە و دەیەوێت ئەو گرێیە بکاتەوە، کە هاندەران چاوەڕێی دەکەن.
 
نزار مەحروس، راهێنەری یانەی زاخۆ لەبارەی یارییەکەوە بە رووداوی گوت "بۆ ئێمە هەر یارییەک لە خولدا گرنگە، بێگومان سەرکەوتن لە هەر یارییەکدا بۆ ئێمە گرنگە، ئەمە شتێکی ئاساییە و بۆ هەر تیپێک و هەر رکابەرێک بەو شێوەیە. دواتر ئێمە چەند یاریزانێکمان بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن، سێ یان چوار یاریزانی کاریگەرمان بەشداری ناکەن، بەڵام ئەوانەی ئامادەن بەرەکەتیان تێدایە، هیواداری یارییەکی گەورە ەبەرامبەر یانەی شورتەی گەورە ئەنجام بدەین، کە بەدڵنیاییەوە رکابەری لەسەر نازناوی خولەکە دەکات."
 
زاخۆ لەم وەرزەی خولی عێراقدا، چوار یاریی لە یاریگەی خۆیدا دۆڕاندووە، لە دوایین چوار یاریی خولەکەدا بردنەوەیەک و سێ یەکسانبوونی بەدوای یەکدا هەبووە، ئێستا بە کۆکردنەوەی 33 خاڵ لە پلەی پازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.