رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ چیدی لە وەرزی ئەمساڵی خولی سعودیەدا دەرناکەوێتەوە، لە کاتێکدا تیپەکەی لەگەڕی 30ی (کۆتایی) خولی رەوشەنی سعودیە رووبەڕووی یانەی فەتح دەبێتەوە.
میدیای سعودیە دەڵێن، رۆناڵدۆ داوای مۆڵەتی لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە، پاشئەوەی دووچاری گرژبوونی ماسوولکە بوو لە یاری نێوان نەسڕ و ئیتتفاق و بەهۆیەوە لە خولەکی 80دا یاریگەی بەجێهێشت.
پشکنینەکان دەریانخستبوو ئەو یاریزانە پێکانێکی سووکی هەیە، بەڵام دەیەوێت پشوو بدات، بەتایبەت کە مانگی داهاتوو دەبێ لەگەڵ هەڵبژاردەی پۆرتوگال یاریی بکات.
رۆناڵدۆ دوای وەرگرتنی مۆڵەتەکەی، گەشتێکی کورت بۆ پۆرتوگال ئەنجامدەدات، بەرلەوەی پەیوەندی بە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی پۆرتوگالەوە بکات کە خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی بۆسنیا و ئایسلەندا ئامادە دەکات لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024.
پۆرتوگال رۆژانی 17 و 20ی مانگی شەش، بەرامبەر ئەو دوو هەڵبژاردەیە یارییدەکات.
لە دوای پەیوەندیکردنی بە یانەی نەسڕی سعودی لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، رۆناڵدۆ بەشداریی لەسەرجەم یارییەکانی یانەی نەسڕدا کرد کە ژمارەیان 16 یاریی بوو و 14 گۆڵیشی بۆ یانەکەی تۆمارکرد و دوو ئەسیستی هەبوو.
یانەی نەسڕ لە وەرزی ئەمساڵدا، پلەی دووەمی خولی سعودیەی بەدەستهێنا، پاشئەوەی یانەی ئیتیحاد نازناوی خولەکەی بەدەستهێنا، هەفتەیەک بەرلەوەی رکابەرییەکان کۆتایی بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ