گواردیۆلا: باشترین پیکهاتەم بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دانابوو

30-05-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیخیتال

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، دانی بەوەدا نەنا کە بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ هەڵەی کردووە و گوتی "من بۆ ئەو یارییە باشترین بڕیار و باشترین پێکهاتەم دانابوو".

یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزە لەسەر یاریگەی دراگاو لە شاری پۆرتۆی پۆرتوگالی لەنێوان هەردوو یانەی ئینگلیزی، مانچێستەر سیتی و چێڵسی بەڕێوەچوو، کە ئەمەی دوایی توانی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر یارییەکە بباتەوە.

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، پەسنی وەرزی تیپەکەی دا و گوتی "ئەم وەرزە وەرزێکی جیاوازبوو بۆ ئێمە، ئێمە ل؛ەم وەرزەدا لە 62 یارییدا تەنیا لە یارییەکدا خراپ یارییمان کرد".

هەروەها پێپ پەسنی یاریزانەکانیشی دا و گوتی "یارییەکە هاوسەنەگ بوو، چەند هەلێکی گۆڵمان بۆ رەخسا، ئێمە لە نیوەی دووەمدا زۆر باشبووین، بوێر بووین، بەڵام نەمانتوانی سوود لە دەرفەتەکان وەربگرین، ئەویش بەهۆی هێزی چێڵسییەوە بوو".

پێپ زیاتر گوتی "یاریزانەکانم لەم وەرزەدا جیاواز و نایاب بوون، لەوانەیە جارێکی دیکە و رۆژێکی دیکە بگەڕێینەوە".

راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی، دووپاتیکردەوە کە ئەوان دڵگرانن بەو ئەنجامە و گوتی "پیرۆزبایی لە چێڵسی دەکەین".

سەبارەت بەو رەخنانەش کە ئاراستەی کران، گوایە هەڵەی کردووە لە دانانی پێکهاتەکەی بۆ ئەم یارییە، پێپ گوتی "من باشترین بڕیار و باشترین پێکهاتەم بۆ ئەم یارییە دانابوو، کیڤن دی برۆین تووشی پێکان بوو، بەڵام هەمیشە ئەگەری روودانی ئەم دۆخە لەئارادایە، بەتایبەتی لەم پاڵەوانێتییە و لەم یارییانەدا، ئێمە پێویستیمان بە هەموو یاریزانەکان هەبوو".

لەبارەی ئەوەی کە دوای ئەم یاریییە دەیەوێت چی بکات؟ راهێنەرە ئیسپانییەکە گوتی "ئێستا دەمەوێت هەندێک پشوو بدەم و دواتر خۆمان بۆ وەرزی داهاتوو ئامادە بکەین، ئەمە یەکەمجار بوو بگەینە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، هیوادارین لە داهاتوودا جارێکی دیکە خۆمان لێرە ببینینەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە