ڤیدیۆ؛ بایرلیڤەرکوزن 3 خاڵی گرنگی بەدەستهێنا

رووداو - هەولێر

لە یاری دەستپێکی گەڕی 29ـی بوندێسلیگادا، یانەی بایرلیڤەرکوزن سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر یانەی فرایبۆرگدا بەدەستهێنا.

بایرلیڤەرکوزن بووە میوانی یانەی فرایبۆرگ و بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر لێیبردەوە و 3 خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.

هەر لە سەرەتاوە یاریزانانی بایرلیڤەرکوزن کۆنترۆلی یاریگەیان کرد، بەڵام لە نیوەی یەکەمدا نەیانتوانی تۆڕی خاون یاریگە بێ هاندەرکە بهەژینن، چونکە یاریزانانی فرایبۆرگ بەکۆمەڵ بەرگرییان لە گۆڵەکەیان دەکرد.

لە نیوەی دووەمدا، بایرلیڤەرکوزن بەردەوام بوو لەسەر هێرشبردن و ئامانجی فرایبۆرگیش تەنیا بەرگری بوو، بەڵام کای هاڤێرتز لە خولەکی 54دا توانی تاکە گۆڵی یانەکەی و یارییەکە تۆماربکات و سەرکەوتنێکی گرنگ پێشکەشی هاوڕێکانی بکات.

بەم سەرکەوتنە، بایرلیڤەرکوزن ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە 56 خاڵ و چووە پلەی سێیەمی ریزبەندیی خولەکە، هەرچی فرایبۆرگە بە 38 خاڵ لە پلەی هەشتەمدایە.

کای هاڤێرتزی هێرشبەری لاوی بایرلیڤەرکوزنیش بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی بوندێسلیگادا، ژمارەی گۆڵەکانی بگاتە 35 گۆڵ بەرلەوەی تەمەنی ببێتە 21 ساڵان.