کۆنگرەی رۆژنامەڤانی زیدان لەسەر یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ



رووداو - هەولێر

زینەدین زیدان، راهێنەری یانەی ریال مەدرید کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی لەبارەی ئامادەکارییەکانی یانەکەی بۆ یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی یوڤێنتوس ئەنجامدا کە رۆژی 3-6-2017 لە کاردیف رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

زیدان لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، دڵخۆشم بەگەیشتنمان بە یاریی کۆتایی، دەزانم یارییەکە زەحمەتە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی لەم وەرزەدا کاری باشمان کردووە و ئێمە شایستەی گەیشتن بە یاریی کۆتاییبوون، لەرووی جەستەییەوە یاریزانەکان زۆرباشن و ئێستا پێویستە کار لەسەر وردبینی یاریزانەکان بۆ یارییەکە بکەین.

راهێنەری ریال مەدرید لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، ئەم یاریی کۆتاییە یاریی 90 خولەکە و لە هەموو یارییەکانی دیکەی کۆتایی جیاوازە، هەموو یانەکانیش لە پێناو بردنەوە یارییدەکەن، ئامادەکارییەکانمان زۆر باشە و دەمانەوێت سیناریۆی وەرزی رابردوو دووبارەبکەینەوە.


 

زینەدین زیدان زیاتر گوتی، ئێمە بیر لەوە ناکەینەوە لە کوێ یاریی کۆتایی ئەنجامدەدەین، بەڵام دڵخۆش دەبین ئەگەر گاریس بەیڵ لەگەڵمان بێت، ئەو یاریزانێکی گرنگە بۆ تیپەکە و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لە وڵاتەکەیدا یاریبکات، هەموو یاریزانێکیش حەزی لەوەیە.

راهێنەری لۆس بلانکۆس هەروەها گوتیشی، شێوازی یاریکردنی خۆمان ناگۆڕین، دەزانم یوڤێنتوس تیپێکی بەهێزەوە و بە سێ یان چوار بەرگریکەر یارییدەکات، بەڵام بۆ ئێمە ئەوە گرنگ نییە، لە کاتێکدا ئەو یانەیە یانەیەکی گەورەیە و خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانای وەک دیبالا، هیگواین و دانی ئەلڤێش و چەندین یاریزانی دیکەیە.


رۆژی شەممەی داهاتوو هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و یوڤێنتوسی ئیتالی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کاژێر 21:45 لە کاردیف رووبەڕووی یەکدەبنەوە.