رووداو دیجیتاڵ
لە یاریی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، یانەی بایرن میونشن لە یاریگەی خۆیدا بە ریال مەدرید یەکسانبوو.
لە میانی یارییەکانی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، یاریگەی ئالیانز ئارێنا بووە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی یانەکانی بایرن میونشن و ریال مەدرید.
بایرن هەر لە سەرەتاوە بەبەهێزی دەستیپێکرد وچەند هەلێکی گۆڵتۆمارکردنی درووستکرد، بەڵام لە هەژاندنی تۆڕی گۆڵی ریال مەدرید سەرکەوتوو نەبوو.
لە کاتێکدا بایرن هێرشی دەبرد و ریال مەدرید بەرگری دەکرد، لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا تۆنی کرووس پاسێکی ناوازە دەدات بە ڤینیسیۆس جونیۆر و ئەویش گۆڵی یەکەمی یارییەکە تۆماردەکات و یانە مەدریدییەکە پێشدەخات.
لە گێمی دووەمی یارییەکەدا، بایرن جارێکی دیکە دەستی بە هێرشەکانی کردەوە، لە خولەکی 53 لیرۆی سانێ توانی گۆڵی یەکسانبوونی یانە باڤارییەکە تۆماربکات و یارییەکە بگەڕێنێتەوە خاڵی سەرەتا.
دوای تەنیا چوار خولەک لە یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، هاری کەین لە رێگەی لێدانێکی سزاوە گۆڵی دووەمی بایرنی تۆمارکرد و یانەکەی پێشخست.
لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا و لە خولەکی 83، ڤینیسیۆس جارێکی دیکە گەڕایەوە و لە رێگەی لێدانێکی سزاوە گۆڵی یەکسانبوونی ریال مەدریدی تۆمارکرد و یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، بەرواری 8-5-2024، یاریی گەڕانەوە لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە ریال مەدرید ئەنجامدەدرێت و براوەی یارییەکە بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ سەردەکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ