ڤیدیۆ؛ بارسێلۆنا هەنگاوێکی گرنگ لە بردنەوەی لالیگا نزیکبووەوە

 

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا هەنگاوێکی گرنگ لە بردنەوەی نازناوی لالیگای ئەم وەرزە نزیکبووەوە، دوای ئەوەی یەکێک لە یارییە قورسەکانی بردەوە.
 
هەرچەند چاوەڕواندەکرا ریال بێتیس ئەرکی بارسێلۆنا زەحمەت بکات، بەڵام تیپی میوان تەنیا 14 خولەک خۆی پێ راگیرا و ئاندریاس کریستێنس گەڕانەوەی خۆی بۆ نێو یاریگەکان بە تۆمارکردنی گۆڵێک بەلێدانی سەر دووپاتکردەوە.
 
لە خولەکی 33 ئێدگار گۆنزالێس، یاریزانی ریال بێتیس بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و ئەمەش ئەرکی بارسێلۆنای ئاسانتر کرد، لە خولەکی 38 رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گۆڵێکی دیکەی تۆمارکرد، زۆری نەبرد رافینیا بەشێوەیەکی هونەری جوان گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و بارسا بە ئارامییەکی زۆرەوە گەڕایەوە ژووری جل گۆڕین.
 
لە نیوەی دووەمدا کەتەلۆنییەکان لەسەر هێرشەکانیان بەردەوامبوون، لە هەوڵێکی ئانسو فاتیدا گویدۆ رۆدریگێز بەهەڵە گۆڵی چوارەمی بارسێلۆنای لە دژی یانەکەی تۆمارکرد.
 
کەتەلۆنییەکان یارییەکەیان بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، ئەمە 24 یارییە لەم وەرزەدا تێر شتیگن گۆڵەکەی بە خاوێنی رادەگرێت.
 
بەم بردنەوەیە بارسێلۆنا لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەدا بووە خاوەنی 79 خاڵ و هەنگاوێکی گرنگ لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا نزیکبووەوە.