پێشمەرگەی هەولێر بووە پاڵەوانی خولی کوردستان

30-04-2019
هێژا خەسرەو
نیشانەکردن خولی نایابی کوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر

یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە یەکسانبوونێکی زەحمەت نازناوی خولی نایابی کوردستانی یەکلاییکردەوە.

لە گەڕی 25ـی خولی نایابی کوردستاندا چەند یارییەک بەڕێوەچوون و تێیدا ئەنجامی یارییەکان یانەی پێشمەرگەی هەولێری کردە پاڵەوانی خولەکە و گازی باکووریش هاوشانی یانەی ئاکرێ بۆ خولی پلە یەکی کوردستان دابەزی.

یانەی پێشمەرگەی هەولێر لە نێو یاریگای خۆیدا پێشوازی لە یانەی هندرێن کرد و یارییەکەش بە ئەنجامی 3-3 کۆتاییهات، خاڵێکی ئەم یارییەش بۆ پێشمەرگەی هەولێر بەس بوو بۆ ئەوەی نازناوی خولەکە مسۆگەر بکەن.

لەیارییەکی دیکەدا، یانەی هەولێر لە یاریگای یەکەمی فرانسۆ هەریری پێشوازی لە یانەی ئارارات کرد و یارییەکەشی بە تاکە گۆڵێکی بێوەڵام لێبردەوە.

لە کەلاریش شێروانە بە گۆڵێک لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلیمانی میوانیدا یەکسانبوون.

یانەی برایەتیش لە نێو یاریگای خۆیدا بە ئەنجامێکی گەورە و بە چوار گۆڵی بێوەڵام شکستی بە یانەی ئاکرێ هێنا.

یانەی دەربەندیخان لە نێو یاریگای خۆیدا پێشوازی لە یانەی نەورۆز کرد و یارییەکەشی بە ئەنجامی گۆڵێک بەرامبەر بە دوو گۆڵ پێدۆڕاند.

یانەی زێرەڤانیش بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی زاخۆی بردەوە.

یانەی دهۆکیش لە نێو یاریگای خۆیدا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە یانەی گازی باکووری بردەوە.

هێشتا گەڕێک ماوە بۆ کۆتاییهاتنی خولەکە، بەڵام یانەی پێشمەرگەی هەولێر بە کۆکردنەوەی 48 خاڵ و بە جیاوازی 4 خاڵ لە یانەی نەورۆز دوورە، هەردوو یانەی ئاکرێ و گازی باکووریش بە فەرمی بۆ خولی پلە یەکی کوردستان دابەزین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە