دایكی رۆناڵدۆ به‌ قسه‌ی كوڕه‌كه‌ی ناكات

30-04-2016
هەرێز جەمال
نیشانەکردن دایكی رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداوی وه‌رزشی ـ Gulf News

دۆلۆریس ئه‌ڤیێرۆ، دایكی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی، چه‌ند لێدوانێكی سه‌رنجڕاكێشی به‌ نوێنه‌ری كۆمپانیایه‌كی په‌یوه‌ندیكردن له‌ پورتوگال داوه‌، به‌ بۆنه‌ی راگه‌یاندنی په‌یڕه‌وكردنێكی تازه‌ی تایبه‌ت به‌ مۆبایلی زیره‌ك و له‌و وتووێژه‌دا كه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌ تازه‌یه‌ كراوه‌، دایكی دۆن گوتی "رازی نیم هه‌ندێجار داواكارییه‌كانی كوڕه‌كه‌م جێبه‌جێ بكه‌م".

دایكی دۆن، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ یه‌كێك له‌و داواكاریانه‌ى رۆناڵدۆ كه‌ ئه‌و رازی نییه‌ به‌ قسه‌ی بكات تایبه‌ته‌ به‌ پاسه‌وانى تایبه‌ت، كه‌ دۆن به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی دایك داوای لێكردبوو، پاسه‌وانى تایبه‌تی بۆ دابنێت. ئه‌ڤیێرۆ گوتی "كه‌ ده‌چمه‌ جێگه‌یه‌كی دیاریكراو رۆناڵدۆ داوام لێده‌كات پاسه‌وانێكی تایبه‌تی ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆم ببه‌م، به‌ڵام من به‌وه‌ رازی نیم، چونكه‌ من له‌ هه‌موو جوله‌كانمدا هه‌ست به‌ خۆشی و ئارامی ده‌كه‌م، هه‌ست ناكه‌م پێویستیم به‌ كه‌سانێك هه‌بێت له‌دواوه‌م بڕۆن و پاسه‌وانیم بكه‌ن".

هه‌ر له‌و وتووێژه‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ پێشكه‌شكاری به‌ناوبانگ جۆلیا بینیرۆ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌ تازه‌ له‌ پورتوگال كۆبووه‌وه‌، دۆلۆریس دووپاتی كرده‌وه‌ موكڕبوونی كوڕه‌كه‌ی له‌سه‌ر پاسه‌وانیكردنی له‌به‌رده‌م ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی به‌ر زه‌وی ده‌كه‌وێت، چونكه‌ ئه‌و نایه‌وێ به‌و شێوه‌یه‌ بڕوات كه‌ ئه‌ستێره‌كان حه‌زیان لێیه‌تی، هه‌رچه‌نده‌ دانی به‌وه‌دا نا له‌یه‌ك حاڵه‌ت ده‌ترسێت، ئه‌ویش كاتێك كریستیانۆ جۆنیۆری كوڕی رۆناڵدۆ له‌گه‌ڵ خۆی ده‌گێڕێت، به‌و گوزارشته‌ی ئه‌گه‌ری رفاندنی له‌ ئارادایه‌، كه‌چی هه‌موو ئه‌و مه‌ترسیانه‌ به‌ تێپه‌ڕبوونی كات ره‌وینه‌وه‌، چونكه‌ پێشتر هیچ شتێكی خراپ به‌سه‌ریاندا نه‌هاتووه‌، دایكی دۆن گوتی"چێژوه‌رگرتن له‌ ژیان ته‌نیا به‌ شێوه‌ی سروشتی ده‌بێت و هاتوچۆكردنیش به‌ پاسه‌وانه‌وه‌، به‌های راسته‌قینه‌ی ژیان له‌بار ده‌بات".

دایكی رۆناڵدۆ له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر به‌شێك له‌ ژیانی تایبه‌تی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت گوێ به‌و ره‌خنه‌ جۆراوجۆرانه‌ نادات كه‌ لێیده‌گیرێت، به‌هۆی ئاره‌زووی له‌ ده‌ركه‌وتن به‌ ته‌مه‌نی بچووكتر، ئه‌ویش به‌ له‌به‌ركردنی جلی سه‌رنجڕاكێش هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ته‌مه‌نی 61 ساڵه‌ "ئه‌و جله‌ له‌به‌رده‌كه‌م كه‌ له‌گه‌ڵ زه‌وقم بگونجێت و گوێ به‌ قسه‌ی خه‌ڵكی ناده‌م له‌باره‌ی منه‌وه‌ چی ده‌ڵێن، هه‌ستده‌كه‌م ئێستا زۆر باشترم له‌و كاته‌ی كه‌ ته‌مه‌نم 30 ساڵان بوو". ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ ته‌مه‌نى رۆناڵدۆی كوڕی 31 ساڵه‌.

له‌ وه‌ڵامی چاكبوونه‌وه‌شی له‌ شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك، كه‌ ساڵانی رابردوو به‌ ده‌ستییه‌وه‌ ده‌یناڵاند، دایكی دۆن گوتی "هه‌ست ده‌كه‌م ئێستا ته‌ندروستیم باشه‌ و شته‌كان زۆر به‌ باشی گوزه‌ر ده‌كه‌ن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە