هالاند لەسەر گوریسی ریال مەدرید و بارسێلۆنا یاری دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

ئێرلینگ هالاند، ئەستێرەی نەرویجی و یانەی مانچێستەر سیتی لەگەڵ ئەوەی ماوەیەکی زۆری ماوە گرێبەستەکەی کۆتاییبێت، لەنێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا یاری دەکات.
 
هالاند ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە، لەم هەفتەیەدا دەنگۆی ئەوەش بڵاوبووەوە کە یانەی بارسێلۆنا کار بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە دەکات و خەون بەوەوە دەبینێت هالاند لە کامپ نوی نوێدا یاری بکات، بەمەش هێرشبەرە نەرویجییەکە لەسەر گوریسی هەردوو جەمسەرە بەنێوبانگەکەی ئیسپانیا یاریی دەکات.
 
ئێرلینگ گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی تاوەکو هاوینی 2027ـە، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن "بەندێک لە گرێبەستەکەی یاریزانەکەدا هەیە دەتوانێت بچێتە یانەیەکی دیکە، هەرچەند ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.
 
باوکی هالاند زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، کوڕەکەی حەزی لێیە لە لالیگادا یاری بکات، ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی ناوی یاریزانەکە بە هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا ببەسترێتەوە.
 
ریال مەدرید بۆ پڕکردنەوەی شوێنی کەریم بنزیما و بارسێلۆنا بۆ جێگرتنەوەی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە داهاتوودا، دەیانەوێت ئەو یاریزانە بگوازنەوە.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، دەیەوێت لە هاوینی 2025 ئێرلینگ هالاند بباتە ریزەکانی یانەکەی، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ رکابەرییەکی بەهێز لەنێوان یانەکە و ریال مەدرید دروستبکەنەوە، بەتایبەت کە یانەی شاهانە نزیکە لە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ."
 
ئێرلینگ هالاند، تەمەنی 23 ساڵە و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 180 ملیۆن یۆرۆ.