بەبێ ئەوەی یاری بکەن بردیانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا)، بەفەرمی چارەنووسی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی کۆریای باکوور و ژاپۆنی لە پاڵاوتنە هاوبەشەکانی مۆندیال و جامی ئاسیادا یەکلاکردەوە.
 
بڕیاربوو رۆژی 26ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردەی ژاپۆن لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەمی قۆناخی کۆمەڵەکانی پاڵاوتنە هاوبەشەکانی مۆندیالی 2026 و جامی ئاسیای 2027 بەرامبەر کۆریای باکوور یاری بکات، بەڵام کۆریا ئامادەنەبوو پێشوازی لە ژاپۆن بکات، بەبیانووی ئەوەی مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەیە، بەمەش یارییەکە نەکرا.
 
هەرچەند راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان رایانگەیاند، ئەگەری هەیە یارییەکە لە وڵاتێکی دیکە بەڕێوەبچێت، بەڵام فیفا ئەوەی رەتکردەوە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بەفەرمی بڕیارییدا، لە یارییەکەدا ژاپۆن بەبراوە بە 3 - 0 هەژماربکرێت و دوای لێکۆڵینەوەی دروست لە رووداوەکانی یارییەکە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ژاپۆن لەو بڕیارە ئاگادارکراوەتەوە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باکوور، دوو رۆژ بەر لە ئەنجامدانی یارییەکە فیفای لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە زەحمەتە بتوانن یارییە لە پیۆنگ یانگ بەڕێوەببەن، بەڵام هیچ بژاردەیەکی جێگرەوەیان نەبووە، بۆیەش فیفا هەڵبژاردەی ئەو وڵاتەی بە دۆڕا و هەژماکرد و ئەگەری هەیە سزای داراییشی بەسەردا بسەپێندرێت.
 
بە هەژماکردنی یارییەکە لە بەرژەوەندیی ژاپۆن، سامۆرای لە 4 یارییدا بووە خاوەنی 12 خاڵ و سەرکەوتنی بۆ جامی ئاسیای 2027 و قۆناخی داهاتووی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 یەکلاکردەوە.