ڤیدیۆ؛ بە دوو یاریی ئاگرین سەرکەوتووەکانی فایناڵ یەکلاکرانەوە

30-03-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
یانیک سینێر
یانیک سینێر
نیشانەکردن یانیک سینێر تێنسی مەیامی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانیک سینێری ئیتاڵی کۆتایی بە خەونی دانیێل مێدڤێدێڤی رووسی هێنا بۆ پارێزگاریکردن لە نازناوی تێنسی مەیامی.
 
هەردوو تێنسزانە ئیتاڵی و رووسییەکە لە قۆناخی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی یەکبوونەوە، سینێر هەمووانی بە توانا زۆرەکەی سەرسامکرد، هەر زوو یاریگەی کۆنتڕۆڵ کرد و پێشکەوت.
 
کۆمەڵەی یەکەمی یاریی نێوان هەردوولا شەش یەک لە بەرژەوەندیی بەژن بڵندەکەی ئیتاڵیا کۆتاییهات.
 
لە کۆمەڵەی دووەمدا، هەمووان چاوەڕێی کاردانەوەی دانیێل مێدڤێدێڤ بوون، بەڵام رکابەرە ئیتاڵییەکەی هەلی رکابەریکردنی نەدایە تێنسزانە رووسییەکە و کۆمەڵەی دووەمیش بە شەش دوو لە بەرژەوەندیی یانیک کۆتاییهات.
 
تێنسزانە ئیتاڵییەکە بە کاژێرێک و 9 خولەک خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و هەنگاوێکی ماوە بۆ بردنەوەی یەکەم نازناوی تێنسی مەیامی.
 
دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی تێنسی مەیامی، لەنێوان گریگۆر دیمیترۆڤی بولگاری و ئەلیکساندەر زڤێرێڤی ئەڵمانی بوو.
 
یارییەکە بەهێز و گەرم و گۆڕییەکی زۆری هەردوولا دەستیپێکرد، لە کۆمەڵەی یەکەمدا دیمیترۆڤ شەش چوار پێشکەوت.
 
کۆمەڵەی دووەم رکابەرییەکی زۆر و ماندووکەری بەخۆیەوە بینی، زڤێرێڤ لە تای برێکدا بە حەوت شەش یارییەکەی یەکسانکردەوە و رکابەرییەکەی گەیاندە کۆمەڵەی سێیەم.
 
لە کۆمەڵەی یەکلاکەرەوەدا، رکابەریی هەردوولا لە پێناو گەیشتن بە فایناڵ بەردەوامبوو، دیمیترۆڤ بە شەش چوار کۆمەڵەکەی تەواوکرد و بە 2 کاژێر و 38 خولەک شوێنی خۆی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا کردەوە.
 
باوەشی هەردوولا بووە جوانترین دیمەنی قۆناخی پێشکۆتایی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە