رێککەوتنی کۆتایی کراوە.. ریال مەدرید گرێبەستی ئەستێرەیەک یەکلادەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستی ئەستێرەیەک نزیکدەبێتەوە، سەرچاوەیەکیش دەڵێت "رێککەوتنی کۆتایی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە کراوە."
 
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی دەڵێت "ریال مەدرید رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئەلفۆنسۆ دەیڤز، بەرگریکاری یانەی بایرن میونشن کردووە و تەنیا ماوە رێککەوتن لەگەڵ یانەکە بکات، بۆ ئەوەی یاریزانەکە بباتە ریزەکانی."
 
سەرچاوەکە دەڵێت "ریال مەدرید دەیەوێت سەرەتا 25 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی یاریزانە پێشکێشبکات، ئەگەر بایرن هەر رازی نەبوو، یانەکە ئامادەیە 30 ملیۆن یۆرۆ بەو یاریزانە بدات، لەکاتێکدا یانە باڤارییەکە داوای 50 ملیۆن یۆرۆ دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە هەردوو یانە بگەنە رێککەوتن و دەیڤز ببێتە یاریزانی ریال مەدرید."
 
بایرن میونشن ئامادەنییە داواکاریی یاریزانەکە بۆ زیادکردنی مووچەکەی جێبەجێبکات، کارگێڕیی باڤارییەکان دەڵێن مووچەکەت لە ساڵێکدا 14 ملیۆن یۆرۆیە و یاریزانەکەش داوای 20 ملیۆن یۆرۆ دەکات، ئەمە گفتوگۆی نێوان هەردوولای ئاڵۆزکردووە و یاریزانەکە و بەڕێوەبەری کارەکانی لە مامەڵەی یانەی بایرن میوشن تووڕەن و دەیانەوێت لەو یانەیە بڕۆن.
 
گرێبەستی ئەلفۆنسۆ دەیڤز لەگەڵ بایرن میونشن لە هاوینی 2025 کۆتاییدێت، بایرن نایەوێت یاریزانەکە بێبەرامبەر بڕوات، بۆیەش بۆ دەستبەرداربوون لە بەرگریکارە کەنەدییەکە داوای 50 ملیۆن یۆرۆ دەکات.
 
ئەلفۆنسۆ دەیڤز ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە، ئەگەری هەیە هاوینی داهاتوو لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ ببنە دوو گرێبەستی سەرنجڕاکێشی یانەی شاهانە.