لیڤاندۆڤسکی بۆ مانەوە لە بارسێلۆنا مووچەیەکی سێئەوەندەی ئێستای رەتدەکاتەوە

30-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی خولی رۆشنی سعودی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی پۆڵەندی، هێرشبەری یانەی بارسێلۆنا، وەڵامی ئەو دەستەوارە سعودییەی دایەوە کە بەمدواییە پێشکێشیکرابوو، بە ئامانجی چوونی بۆ خولی رۆشنی سعودی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا باسیان لەوە دەکرد کە یانەیەکی سعودی چەند هەفتەیەک لەمەوبەر زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچەی ساڵانە پێشکێشی لیڤا کردووه له بەرامبەر چوونی بۆ سعودیە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، لیڤا ئەو دەستەوارەی سعودیەی رەتکردووەتەوە، کە مووچەکەی سێ ئەوەندە زیاترە، و بڕیاریداوە وەرزی داهاتوو لەگەڵ بارسێلۆنا بمێنێتەوە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لیڤاندۆڤسکی بڕیاری مانەوەی لە بارسا ناگۆڕێت مەگەر سوپرایزێکی گەورە لە پەیوەندیەکەی لەگەڵ بارسا رووبدات.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشبەرە پۆڵەندییەکە پێشتر بڕیارەکەی بە بەڕێوەبەری کارەکانی، پینی زەهاوی گەیاندووە.
 
ئاماژەی بەوەشکرد، رۆیشتنی لیڤا لە هاویندا لەوانەیە وەرزی داهاتوو کارەساتێکی راستەقینە بۆ بارسێلۆنا دروستبکات، چونکە ئەگەری هەیە نرخی فرۆشتنی بگاتە تەنیا 40 ملیۆن یۆرۆ، کە بارسێلۆنا بەو پارەیە ناتوانێت گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی گەورە بکات.
 
یانەی بارسێلۆنا پێیباشە رۆیشتنی لیڤا بۆ هاوینی 2025 دوابخات، چونکە خوان لاپۆرتا سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا پێیباشە لەم کاتەدا گرێبەست لەگەڵ ئێرلینگ هالاندی هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە