رووداو دیجیتاڵ
سەتان بەهرەمەند و فێرخوازی جیهانن، دەنگ و رەنگ و ئاڵایان جیاوازە، بەڵام هەموویان یەک خەونیان، خەونی بوون بە یاریزانی یەکێک لە گەورەترین یانەکانی مێژووی تۆپی پێ، یاریزانی یانەی ریال مەدرید.
لەنێو ئەم فێرخوازانەدا 8 منداڵی کورد هەن، بە ئاڵای کوردستانەوە بەشدارن و تواناکانیان دەخەنە بەر دیدی بەرپرسانی دامەزراوەی ریال مەدرید.
بەر لە چوون بۆ یاریگە، بەهرەمەندەکان لە هۆڵێکی گەورەدا کۆکرانەوە و ئیکەر کاسیاس، یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی مێژووی ریال مەدرید و سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتیی وۆڵد چالێنج، کە تایبەتە بە دامەزراوەی یانەی شاهانە قسەیان بۆ دەکات و رێنوێنیان دەکات.
بەهرەمەندەکان بە ریز دەچنە یاریگە و بەپەرۆشن بۆ ئەوەی تواناکانیان بخەنە نێو لاکێشەی سەوز، فێرخوازە کوردەکانیش لەبەردەم هەلێکی مێژوویدان بۆ راکێشانی سەرنجی ئەو یانەیەی هەمووان خەونی پێوە دەبینن، ماڵباتی بەشێکی زۆری بەهرەمەندەکان لە یاریگەدا ئامادەن و دەیانەوێت پاڵپشتیی منداڵەکانیان بکەن بۆ گەیشتن بەو خەونەیان.
کاکۆ رزگار یەکێک لە فێرخوازە کوردەکانە و بە رووداوی گوت "ئێمە لە شاری مەدریدی ئیسپانیا، بەشداری لە پاڵەوانێتیی وۆڵد چالێنج دەکەین، کە پاڵەوانێتییەکی جیهانییە."
لە پاڵەوانێتییەکەدا فێرخوازە کوردەکان بەرامبەر بەهرەمەندەکانی ئیسپانیا، ئەمریکا، بەرازیل و ئەڵمانیا یارییانکرد و خۆیان تاقیکردەوە، سەرپەرشتیارانی تیپە کوردستانییەکە بەم هەنگاوە دڵخۆشن و بە گرنگی دەزانن.
بابان ئەحمەد، سەرپەرشتیاری بەهرەمەندە کوردەکانە و بە رووداوی گوت " 8 یاریزانی کورد لە قوتابخانەی کورد جینییەس، بەشدارن لە پاڵەوانێتیی وۆڵد چالێنج، کە تایبەتە بە دامەزراوەی ریال مەدرید و زیاتر لە 600 فێرخواز لەسەر ئاستی جیهان تێیدا بەشدارن و لەلایەن یانەی ریال مەدریدەوە گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت و ئێمەش وەکو کورد یەکەمجارە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق بەشداری لەم پاڵەوانێتییەدا دەکەین و هیوادارین، فێرخوازەکان بتوانن سەرنجی بەرپرسانی دامەزراوەی ریال مەدرید رابکێشن."
لە پاڵەوانێتییەکەدا 600 بەهرەمەند و فێرخواز لەسەر ئاستی هەموو جیهان بەشدارن، دوای ئەنجامدانی یارییەکان، لەلایەن رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە میدالیای ریال مەدرید بە دیاری درایە فێرخوازەکان و تاوەکو دوو هەفتەی دیکەش بە راپۆرتی تایبەت بەهرەمەندەکان لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکان ئاگادار دەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ