بارسێلۆنا کوبارسی بە یەک ملیار یۆرۆ کەمتر نافرۆشێت

30-03-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پاو کوبارسی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا دەیەوێت سوود لە هەندێک هەڵەی رابردوو وەربگرێت و پلانێکی نوێ جێبەجێبکات بۆ لەدەستنەدانی یاریزانە بەهرەمەندەکانی لاماسیا، کە چاوەڕێی داهاتوویەکی گەشیان لێدەکرێت.
 
کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا لە یەکەم هەنگاودا هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ هێشتنەوەی پاو کوبارسی بەرگریکاری لاوی، کە بە ئەنجامدانی تەنیا چەند یارییەک بووەتە جێی سەرنجی یانەکانی دیکەی ئەوروپا.
 
بەرگریکارە لاوەکەی ئیسپانیا لەم وەرزەدا توانی شوێنی خۆی لە پێکهاتەی بارسادا بکاتەوە و متمانەی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بەدەستبهێنێت، کە لەم ماوەیەی دواییدا بەردەوام پشتی پێبەستووە، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی تەنیا 17 ساڵە.
 
رۆژنامەڤانی ئیتاڵیی پسپۆڕ لە بواری گواستنەوەکان، فابریزیۆ رۆمانۆ ئاشکرای کرد کە یانە کەتەلۆنییەکە دەستەوارەیەکی نوێی بۆ یاریزانەکە ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی رازی بکات گرێبەستێکی نوێ واژۆ بکات.
 
رۆمانۆ ئاماژەی بە خواستی بارسێلۆنا کرد بۆ ئەوەی گرێبەستێکی درێژخایەن پێشکێشی کوبارسی بکات، لەگەڵ زیادکردنی مووچەکەی و گوتی "بارسا دەیەوێت بڕی مەرجی سزایی یاریزانەکە یەک ملیار یۆرۆ بێت".
 
کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەلە، بە سەرۆکایەتی خوان لاپۆرتا هیوادارە پێش کۆتایی وەرزی ئێستا ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن.
 
کوبارسی لەم وەرزەدا لەگەڵ تیپی یەکەم لە 10 یاریی لالیگادا بەشداری کردووە، لە هەمانکاتدا دەرفەتی ئەوەی هەبووە لە دوو یاریی جامی شای ئیسپانیا و یارییەک لە چامپیۆنزلیگدا بەشداری بکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە