هازارد دەرەقەتی یاریزانانی کاستیای ریال مەدرید نایەت


رووداو دیجیتاڵ

ئیدین هازارد، یاریزانی یانەی ریال مەدرید، دوێنێ چوارشەممە لە کاتی بەشداریکردن لە مەشقەکانی ریال مەدرید، دووچاری لەروودامان بوو بەرامبەر کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەکەی.
 
بەپێی ئەو میدیایانەی لە بەشێک لە مەشقەکانی ریال مەدرید ئامادەبوون، لە کۆتایی مەشقەکانی دوێنێدا، کارلۆ ئەنچیلۆتی بڕیاریداوە یارییەک لە نێوان یاریزانانی تیپی یەکەم و تیپی دووەمی ریال مەدرید 'کاستیا' ئەنجام بدات.
 
یارییەکە لە دوو گێم پێکهاتووە و هەر گێمێک 30 خولەک بووە.. وەک میدیاکان گوتوویانە پێدەچێ ئەنچیلۆتی بیری لەوە کردبێتەوە هازارد لە یاریی یەکشەممەی داهاتوو بەرامبەر ڤایادۆلید لە خولی لالیگا بەشداریی پێبکات، بۆیە لە یارییەکەی بەرامبەر کاستیادا کردوویەتی بەهێرشبەری سەرەکی لە پاڵ کەریم بنزیمادا.
 
هەردوو یاریزانەکە، هازارد و کەریم، بەهۆکاری جیاواز لەو یارییەدا بوونەتە جێگەی سەرنج.
 
میدیای ئیسپانیا گوتوویانە، هازارد زۆر خراپ دەرکەوتووە لە رووبەڕووبوونەوەی یاریزانانی کاستیا، رووبەڕووی زەحمەتیی زۆر بووەتەوە لە زاڵبوون بەسەریان و تێپەڕاندنیان، دەرکەوتووە ئەو توانای جەستەیی زۆر خراپبووە.
 
هەرچی بنزیمایە، لە بەشی یەکەمی یارییەکەدا نەدرەوشانەوەتەوە و بەشدارییەکەی زۆر لاواز و خاکەڕایانە بووە، بەڵام لە گێمی دووەمی یارییەکەدا باشتر دەرکەوتووە، بەڵام نەیتوانیوە گۆڵ تۆمار بکات و لەگەڵ ئەوەشدا، باشترین ئاستی لە نێو هەموو یاریزانانی دیکەدا هەبووە.
 
هازار لە دۆخێکی پڕ لە گومان و دوودڵیدا لەگەڵ یانەکەی و کارلۆ ئەنچیلۆتی دەژی، بەتایبەت پاشئەوەی لە لێدوانێکدا ئاشکرایکرد کە قسە لەگەڵ ئەنچیلۆتی ناکات و تەنیا رێزی دەگرێت.