فیفا لەسەر ئیسرائیل مافی میوانداریکردنی مۆندیالی لە ئیندۆنیزیا وەرگرتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

فیفا مافی میوانداریکردنی مۆندیالی خوار 20 ساڵانی لە ئیندۆنیزیا سەندەوە، کە بڕیاربوو ئەمساڵ لەو وڵاتە بەڕێوەبچێت، دوای ئەوەی بەرپرسێکی ئیندۆنیزیا ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بە بەشداریکردنی ئیسرائیل.
 
فیفا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاند "یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی بڕیاریداوە، بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە، ئیندۆنیزیا لە میوانداریکردنی مۆندیالی خوار 20 ساڵانی 2026 دووربخاتەوە".
 
فیفا بەبێ ئەوەی لە بەیاننامەکەیدا روونکردنەوەیەکی زیاتر بدات، ئاماژەی بەوەشکردووە "بە زووترین کات وڵاتێکی دیکە بۆ میواندارییەکی پاڵەوانێتییەکە ئاشکرا دەکەین، بەڵام کاتی پاڵەوانێتییەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە".

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر سێ وڵاتی ئەرجەنتین، پێرو و قەتەر بەربژێرن بۆ جێگرتنەوەی ئیندۆنیزیا و میوانداریکردنی پاڵەوانێتییەکە، کە بڕیارە بەمزووانە فیفا ئەرکەکە بە یەکێک لەو سێ وڵاتە راسپێرێت.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئاریا سینولێنگا، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یەکێتیی تۆپی پێی ئیندۆنیزیا، رایگەیاند، بڕیارەکەی فیفا بەهۆی لێدوانێکی سەرکردەی هەرێمێکی ئیندۆنۆزیایە، کە رایگەیاندبوو وڵاتەکەیان میوناداری مۆندیالەکە ناکات لە ئەگەری بەشداریکردنی ئیسرائیل.
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، وایان کۆستەر، حاکمی دوورگەی بالی، نامەیەکی بۆ وەزارەتی وەرزشیی ئیندۆنیزیا ناردووە و داوای کردووە رێگە لە بەشداریکرنی ئیسرائیل  بگرێت.
 
لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی "حاکمی بالی هەروەها لە نامەکەیدا باسی لەوە کردووە کە حکومەتی دوورگەی بالی رەتیکردووەتەوە رێگە بدات تیمی ئیسرائیل بۆ رکابەریکردن بچێتە بالی".