ڤیدیۆ؛ کامیرۆن بلیتی مۆندیالی لە قورگی جەزائیر دەرهێنا

رووداو دیجیتاڵ

لە سیناریۆیەکی کوشندەدا کە کەمجار لە تۆپی پێدا روودەدات، هەڵبژاردەی کامیرۆن، لە خولەکی 4ـی زیادکراوی گێمی دووەمی زیادکراودا، بلیتی مۆندیالی لە قورگی جەزائیر دەرهێنا و لە مافی بەشداریکردن لە جامی جیهانی لە قەتەر بێبەشکرد.

هەڵبژاردەی جەزائیر لە یاریی گەڕانەوەدا میوانداری هەڵبژاردەی کامیرۆنی کرد و 1-2 پێیدۆڕا و نەیتوانی بگاتە مۆندیال.

لە خولەکی 22 مۆتینگی یاریزانی بایرن میونشنی ئەڵمانی گۆڵی پێشکەوتنی بۆ کامیرۆن بەدەستهێنا.

تاوەکو 90 خولەکی یارییەکە کۆتاییهاتن، هەردوو تیپ چەندجارێک مەترسییان خستە سەر گۆڵی یەکدی، بەڵام کەسیان نەیانتوانی گۆڵ بکەن، بۆیە ناچاربوون پەنا ببەنە بەر دوو گێمی زیادکراو، بەو پێیەی لە یاریی چووندا جەزائیر بەهەمان ئەنجام لە کامیرۆنی بردبووەوە.

دوو خولەک بەر لە کۆتاییهاتنی نیوەی دووەمی زیادکراو، ئەحمەد تۆبە گۆڵی یەکسانبوونی بۆ جەزائیر تۆمارکرد و هەمووان لەو بڕوایەدا بوون، کە بلیتەکە بووە بەشی جەزائیرییەکان، بەڵام ئەوەی لە هزری کەسدا نەبوو روویدا و لە خولەکی 4ـی زیادکراودا، تۆکۆ ئیکامبی گۆڵی دووەمی بۆ کامیرۆن تۆمارکرد و بلیتەکەی مۆندیالی لە قورگی جەزائیر دەرهێنا.