محەممەد سەڵاح: پێویستیمان بە هیچ یاریزانێکی ریال مەدرید نییە

30-03-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتال

محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسریی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا بەر لە یاریی داهاتووی یانەکەیان بەرامبەر ریال مەدرید، لە چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا باسی زۆر شتی کرد و دووپاتیکردەوە کە ئەو بیر لە تۆڵەسەندنەوە لە سێرخیۆ رامۆس ناکاتەوە.

سەڵاح لە هەڤپەیڤینەکەدا، باسی رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا کرد و گوتی "یەکەم شت کە بیرم لێکردەوە دوای ئەوەی تیروپشکەکە لیڤەرپوولی خستە بەرامبەر ریال مەدرید ئەوەبوو کە چەندە مەزن دەبێت ئەو قۆناخە ببڕین".

هەروەها گوتی "بەر لە تیروپشکەکە بیرم لەوە نەدەکردەوە کە کام یانە رووبەڕوومان دەبێتەوە، ئێمە لە قۆناخی چارەکی کۆتاییداین و سەرجەم تیپەکان لە بەرزترین ئاستدان، بۆیە هیچ گرنگ نەبوو بۆ من کە لەم گەڕەدا رووبەڕووی ریال مەدری ببمەوە یان لە گەڕێکی دیکەدا".

ئەستێرەی میسری دووپاتیشیکردەوە کە بەهیچ شێوەیەک بیر لە یاریی کۆتایی کیێڤ لە ساڵی 2018 ناکاتەوە، ئەوەی بیری لێدەکاتەوە تەنیا بردنەوە و گەیشتنە بە قۆناخی پێش کۆتایی و گوتی "ئەوەی لە یاری ئەمساڵدا روودەدات هیچ لەوەی لە کیێڤ روویدا ناگۆڕێت".

تۆڵە لە رامۆس

لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە ئایا دەیەوێت تۆڵە لە سێرخیۆ رامۆسی کاپتنی ریال مەدرید بکاتەوە؟ کە بەر لە 3 ساڵ لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا سەڵاحی تووشی پێکان کرد و هەندێک تاوەکو ئێستاش پێیانوایە رامۆس بەئەنقەست وایلێکردووە، سەڵاح بە پێکەنینەوە وەڵامی دایەوە و گوتی "تەواو، بیر لەوە ناکەمەوە، من لەگەڵ تیپەکەم هەموو بیرکردنەوەیەکم لەسەر ئەم یارییە دەبێت، هەموو یاریزانێک بیر لە تیپەکەی و چۆنیەتی بردنەوە دەکاتەوە".

سەڵاح روونیشیکردەوە "ئەوەی لە لیڤەرپوول لە یاریی ساڵی 2018 گۆڕاوە ئەوەیە کە ئێمە بووینەتە پاڵەوان، نازناوی پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگمان بردووەتەوە، ئەوە گۆرانکارییەکی گەورەیە، یاریزانانی گەورەش لە ریال مەدرید رۆیشتوون، وەک کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە باشترین یاریزانە لە مێژووی یانەکەدا بەهۆی گۆڵە زۆرەکانی، بەڵام هاوکات گرێبەستیان لەگەڵ هازارد کردووە، بەڵام بەخت یاوەری نەبوو، تووشی پێکانی زۆر بووە".

لە بەردەوامی قسەکانیدا لەبارەی ریال مەدریدەوە، گۆڵکاری لیڤەرپوول گوتی "یانە ئیسپانییەکە گەیشتووەتە قۆناخی چارەکی کۆتایی، کۆمەڵێک یاریزانی گەورە لە ریزەکانیدا هەن، هەرچەندە زۆر بیری گۆڵەکانی رۆناڵدۆ دەکەن، لێرەدا مەبەستم بەراوردکردن نییە لە نێوان کریستیانۆ و هازارددا، هەرچۆنێک بێت ئێمە لە هەموو روویەکەوە ئامادەین بۆ ئەم رووبەڕووبوونەوەیە".

چی نیگەرانی دەکات؟

ئەو هێرشبەرەی یانەی لیڤەرپوول، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە "ئەوەی زیاتر منی نیگەران کردووە لە ریال مەدرید توانای بردنەوەیانە لە چامپیۆنزلیگدا، لەم پاڵەوانێتییەدا زۆر بەباشی یاری دەکەن، لە 10 ساڵی رابردوودا 4 جار نازناوەکەیان بردووەتەوە، تیپێکی تایبەت و جیاوازن لە چامپیۆنزلیگدا".

سەڵاح، سەبارەت بە باشترین یاریزان لە ریزەکانی ریال مەدریددا، گوتی "تۆ ناتوانیت یاریزانێکی دیاریکراو هەڵبژێریت، هەموویان یاریزانی گەورەن، بەڵام پەیوەندیەکی بەهێزم لەگەڵ هازارد هەیە، ئەو لەگەڵ چێڵسی کارێکی زۆر باشی کردووە، بەڵام بەختی نییە، لوکا مۆدریچیش زیاتر لە جارێک بینیومە".

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە حەزدەکات کام یاریزانی ریال مەدرید بچێتە لیڤەرپوول؟، سەڵاح گوتی "پێموایە تیپەکەمان بە پێی پێویست باشە و پێویستی بە یاریزانی دیکە نییە".

ڤینیسیۆس جونیۆر

سەڵاح باسی ڤینیسیۆس جونیۆری یاریزانی لاوی ریال مەدریدیشی کرد و لەبارەیەوە گوتی "پێویست ناکات خەم لە ڤینیسیۆس بخۆن، من وەک گۆڵکار لەدایک نەبوومە، بەڵام زۆر کارم کرد بۆ ئەوەی بگەمە رێژەی ئێستای گۆڵکردنم، کاتێک لە ریزەکانی بازل بووم زۆر گۆڵم تۆمار نەدەکرد، پاشان لە نێوان چێڵسی و فیۆرێنتینا و رۆما دا گوازرامەوە".  

ئەو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "لە پایتەختی ئیتالیا کاری زۆرم لەگەڵ سپالێتی کرد، ئەو بە راهێنانی تایبەتی رۆژانە فێری چۆنیەتی گۆڵکردنی دەکردم، ئەو هەوڵیدەدا تواناکانم لە بەردەم گۆڵدا پێشبخات، لە ماڵەکەشمدا یاریگایەکی تایبەتم بۆ راهێنان بۆ چەند یارییەک دروست کردووە، هەستی گۆڵکردن پێویستی بە کاری بەردەوام هەیە و لەگەڵ کات شتەکان باشتر دەبن، ڤینیسیۆس تەنیا پێویستی بە راهێنانێکی زۆر هەیە".

ئەستێرەی میسری پەسنی زینەدین زیدانی راهێنەری فەرەنسی یانەی ریال مەدریدیشی دا و بەمشێوەیە باسیکرد "زیدان راهێنەرێکی گەورەیە، 3 جار نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بردووەتەوە، لەگەڵ ریال مەدرید کارێکی تایبەت دەکات، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی یارمەتی تیپەکە بدات بۆ بردنەوەی نازناوەکان، ئەو لە کاتی منداڵیدا نموونەی بەرزی من بوو".

محەممەد سەڵاح، باسی هۆکارەکانی خراپی ئەنجامەکانی تیپەکەی کرد و روونیکردەوە  "چەندین هۆکار هەن، لەوانەش بەخت یاوەرمان نەبوو، ئێمە لە نازناوی پرێمەرلیگ دوورکەوتینەوە، کە ئەمەش سووربوونی ئێمەی بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ زیاتر کردووە، هیوادارم لەو کارەدا سەرکەوتوو بین".

لەبارەی یۆرگن کڵۆپی راهێنەریشییەوە، گوتی "پەیوەندیم لەگەڵ یۆرگن کڵۆپ ئاسایی و پرۆفیشناڵانەیە، لەوە زیاتر ناتوانم وەسفێکی دیکە بدۆزمەوە".

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەدا کە ئایا بە نەبوونی جەماوەر، لە نێوان لیڤەرپوول و ریال مەدریددا کامیان زۆرترین زیانی بەردەکەوێت؟ گۆڵکاری یەکەمی پرێمەرلیگ بەبێ  دوودڵی گوتی" ئانفێڵد، هەمووان دەزانن کە هێز و رۆڵی هاندەرانی خۆمان لە ئانفێڵددا چەند کاریگەرە، ئێمە بەبێ هەواداری خۆمان زۆر شتمان لە دەستداوە، بۆیە پێموایە ئێمە ئەو تیپەین کە زۆرترین زیانمان پێگەیشتووە لە یاریکردن بەبێ ئامادەبوونی جەماوەر".

بۆچی لە لالیگا یاری نەکەم؟

لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا، محەممەد سەڵاح وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە، کە ئایا دوای چوار وەرز لە پۆشینی درێسی رێدزەکان خۆت لە یانەیەکی دیکە دەبینییەوە؟ ئایا مانەوەت لەگەڵ یانە ئینگلییزیەکە لە کۆتایی نزیک بووەتەوە؟، وەڵامەکەی بەمشێوەیە بوو "ئەوە تەنیا پەیوەندی بە منەوە نییە، با بزانین چی روودەدات، بەڵام پێمباشە ئێستا باسی ئەوە نەکەم".

لەسەر ئەگەری ئەنجامدانی ئەزموونێکی نوێ لە لالیگادا، دوای یاریکردنی لە ئیتالیا و ئینگلتەرا، سەڵاح گوتی "ئاواتەخوازم چەندین ساڵ لە یاریکردن بەردەوام بم، بۆچی لە لالیگا یاری نەکەم؟ کەس نازانێت لە داهاتوودا چی روودەدات، لەوانەیە رۆژێک لە رۆژان لە ئیسپانیا یاری بکەم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە