شەوێکی مێژوویی چاوەڕێی ئەورووپا دەکات

30-01-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن یۆرووپالیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای کەرنەڤاڵە گەورەکەی چامپیۆنزلیگ، کەرنەڤاڵێکی گەورەی دیکە لە یۆرووپالیگ ئەنجام دەدرێت.
 
ئەمشەو یارییەکانی گەڕی هەشتەمی یۆرووپالیگ ئەنجامدەدرێن، لەم گەڕە یەکلاییکەرەوەیەدا و لە کاژێر 23:00، 18 یاری ئەنجامدەدرێن و چارەنووسی چەند یانەیەکی گەورە دیاریدەکرێت.
یانەی لازیۆی ئیتاڵی، تاکە یانەیە بە شێوەیەکی فەرمی، گەیشتنی بە قۆناخی 16 یەکلاییکردووەتەوە و لە دوایین گەڕدا، رووبەڕووی سپۆرتینگ براگای پۆرتوگالی دەبێتەوە و ئەویش لە جەنگدایە بۆ ئەوەی بگات بەو پلانەی کە سەریدەخەن بۆ قۆناخی پاشکۆی یۆرووپالیگ.
 
یانەی مانچێستەر یونایتد لە لایەکی دیکەوە، لە یارییەکی ئاگریندا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی ستیوا بوخاریستیی رۆمانی دەبێتەوە، هەردوو یانە تاوەکو ئێستا لە تۆپ 8ن و چاویان لەوەیە بەردەوامی بەوە بدەن، پێدەچێت ئەرکی رۆبن ئامۆریم، را‌هێنەری مانچێستەر یونایتد قورس بێت، چونکە ستیوا بوخارستی ئەم وەرزە، هیچ یارییەکی لە یاریگەی خۆی لە یۆرووپالیگ نەدۆڕاندووە.
 
یانەی تۆتێنهام سەرەڕای ئاستە ناجێگیرەکەی لە پرێمەرلیگ، لە یۆرووپالیگدا لە حاڵێکی باشتردایە، ئەو یانەیە لە پلەی شەشەمی پاڵەوانێتییەکەیە و لە یارییەکەی ئەمشەویدا بەرامبەر یانەی ئێڵفسبۆرگی سویدی، پێویستی بە بردنەوەیەکە بۆ ئەوەی گەیشتن بە قۆناخی 16 مسۆگەربکات.
 
لە یارییەکی دیکەی ئاگریندا، ئینتراخت فرانکفورت، کە لە پلەی دووەمی ریزبەندییەکە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە گەیشتنت بە قۆناخی 16 مسۆگەر کردووە، میوانی رۆمای بریندار دەبێتەوە کە لە پلەی 21می ریزبەندییەکە دێت، ئەو یانە ئیتاڵییە دوای گۆڕینی چەند راهێنەرێک و گەیشتن بە کلاودیۆ رانیێری، ئاستی یانەکە بەرەو باشتر چووە و لە دوایین 6 یاریدا لە خولی ئیتاڵی تامی دۆڕانیان نەکردووە و چاویان لەوەیە کورسییەکی گەیشتن بە پلەی ئۆف یەکلاییبکەنەوە.
 
یانەی ئاتلێتیک بیلباو، بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی یۆرووپالیگ دێت، ئەو یانەیە ئەمشەو لە یاریگەی خۆی رووبەڕووی ڤیکتۆریا پلزنی چیکی دەبێتەوە، یانە چیکییەکە بێبەش دەبێت لە تواناکانی ئەستێرەی کورد، مێرخاس دۆسکی، چونکە هێشتا ئەو یاریزانە بۆ یۆرووپالیگ ناونووس نەکراوە، ئەو یانەیە پێویستیان بە بردنەوەیەکە بۆ گەیشتن بە قۆناخی 16 و گەیشتنیان بە قۆناخی پاشکۆ مسۆگەر کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە