هانزی فلیک: شەڕ لەسەر چامپیۆنزلیگ و هەموو نازناوەکان دەکەین

30-01-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک چامپیۆنزلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، رایگەیاند بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ زۆر زەحمەتە، ئەگەرچی تاوەکو کۆتایی شەڕ لەسەر هەموو نازناوەکان دەکەن. گوتیشی "لیڤەرپوول تیپێکی باوەڕپێنەکراوی هەیە".
 
لە دوایین گەڕی قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا، بارسێلۆنا میواندارایی یانەی ئاتالانتای ئیتاڵی کرد و بەئەنجامی 2-2 یەکسانبوون و وەک یەکێک لە باشترین هەشت تیپی یەکەم، راستەوخۆ گەیشتە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، هانزی فلیک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تاوەکو کۆتایی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی چامپیۆنزلیگ.
 
پوختەی قسەکانی راهێنەری بارسێلۆنا بەمشێویە بوو:
 
دۆخەکە هەمیشە وا دەبێت، ئەگەر پێتوایە رکابەرەکەمان لە قۆناخی داهاتوودا باش دەبێت، لەوانەیە سەختترین رکابەر بێت کە دەتوانیت رووبەڕووی ببیتەوە. بەڵام بەوپەڕی جۆش و خرۆشەوە چاوەڕێی ئەو دوو یارییە دەکەین کە لە قۆناخی داهاتوودا ئەنجام دەدەین. بۆ ئەوە ئامادە دەبین. ئەمڕۆ زۆر شتم بینی کە بەڕاستی بەباشی ئەنجامی دەدەین، بەڵام هەندێک شتم بینی کە دەتوانین باشتریان بکەین. ئەمەیە کە ئێمە دەبێ بیکەین. دەبێت شتەکان باشتر بکەین، گوتمان باشە دوای هەموو یارییەک هەوڵدەدەین لە یاریی داهاتوودا باشتر بین. 
 
بردنەوەی چامپیۆنزلیگ یەکێکە لە کارە قورسەکان. بەڕاستی یانە گەورەکان هەن، لە قۆناخی یەکەمیشدا دەتوانن ئەوە ببینن. ئێمە هەمیشە ئەرێنی بیر دەکەینەوە، پێموایە قورسە. ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین، بردنەوەی ئەم پێشبڕکێیە ئاسان نییە، چونکە ئێستا بۆ من لیڤەرپوول یەکێکە لە باشترین تیپەکان، بەڕاستی لە هەموو یارییەکدا ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن. تیپێکی باوەڕپێنەکراویان هەیە. بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە بەندە بەو کاتەی کە یارییان پێدەکەیت، لەوانەیە یەک یاری بێت، لەوانەیە دوو یاری بێت. کەواتە هەموو ئەگەرەکان لەئارادان و ئەوەی دەتوانم بڵێم ئەوەیە کە تاوەکو کۆتایی وەرز شەڕ بۆ هەموو شتێک دەکەین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە