پەیامێکی کاریگەر و توووند لە ئەیمەن حوسێنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەیمەن حوسێن، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق پەیامێکی تووندی لەبارەی کرانە دەرەوەی لە یاریی بەرامبەر ئوردن بڵاوکردەوە و یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراقیش پاڵپشتیی دەکەن.
 
دوای ئەوە یارییەکەیان بەرامبەر ئوردن دۆڕاند و لە جامی ئاسیا کرانە دەرەوە، رووداوی کارتە سوورەکەی ئەیمەن حوسێن گەورەترین کاردانەوەی لەسەر ئاستی ئاسیا و جیهان دروستکرد، ئەو یاریزانەش دەڵێت "بەبەرچاوی جیهانەوە و بردنەوەیان لێ دزین."
 
 ئەیمەن حوسێن، لە پەیامێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام وێنەیەکی خۆی لە کاتی پێدانی کارتی سوور لەلایەن ناوبژیوانی یارییەکەوە بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "تێنەگەیشتم چی روویدا، ساتەکانی ماڵئاوایی تووند بوون، ئەوە ئەو کۆتاییە نەبوو کە ئێمە دەمانویست، خەونەکانمان دوور بوون، ئامانجەکانیشمان گەورە بوون."
 
ئەیمەن لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نووسیوویەتی "خەونەکەمانیان بەبەرچاوی جیهانەوە لێ دزی، داوایلێبوردن لە هەموو هاندەرانی عێراق دەکەین، داوایلێبوردن لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە پشتگیریان کردین و لە دەوحە لەگەڵمان وەستان، داوایلێبوردن دەکەین کە نەمانتوانی خۆشییەکانتان تەواوبکەین."
 
ئەم پۆستەی ئەیمەن حوسێن کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق بەلێشاو کۆمێنتی پاڵپشتیی بۆ دەنووسن، زیدان ئیقبال نووسیوویەتی "ئێمە ناتوانین کۆنتڕۆڵی ئەوە بکەین براکەم، دەگەڕێینەوە."
 
مێرخاس دۆسکی، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ئەیمەن حوسێن دڵێکی سووری داناوە و ئەمیر عەماریش نووسیوویەتی "ئەگەر ئەوانیش نەیانەوێت سەرکەوتوو بین، دەگەڕێینەوە، خۆشەویستم ئەیمەن."