کرانە دەرەوەی ئەیمەن حوسێن کاردانەوەی گەورەی لە جیهاندا دروستکرد

 
رووداو دیجیتاڵ

کرانە دەرەوەی ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق، لە یاریی بەرامبەر ئوردن، لە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا، کاردانەوەی گەورەی لە میدیای جیهاندا بەدوای خۆیدا هێنا.
 
پێدانی کارتی سوور بە ئەیمەن حوسێن لە یارییەکەدا، کاردانەوەی تەنیا لەنێو هاندەران و میدیای عێراقیدا دروستنەکرد، بەڵکو لەسەر ئاستی ئەوروپاش کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، لەکاتێکدا عێراقییەکان دەڵێن "ئەیمەن حوسێن جگە لە ئاهەنگگێڕان هیچ شتێکی دیکەی نەکردووە."
 
گۆڤاری کیکەری ئەڵمانی، کە یەکێک لە بەنێوبانگترین سەرچاوە وەرزشییەکانی ئەو وڵاتەیە لەبارەی ئەو رووداوەوە نووسیوویەتی "بڕیاری کردنە دەرەوەی ئەیمەن حوسێن، یاریزانی عێراقی بڕیارێکی پەسەند نەبوو، یاریی نێوان عێراق و ئوردن رووداوی دراماتیکیی تێدا بینرا."
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت "کرانە دەرەوەیەکی پێکەنیناوی لە جامی ئاسیا، ئەیمەن حوسین، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق بەهۆی ئەوەی لەسەر شێوازی خواردنی چیمەنی یاریگە ئاهەنگیگێڕا لە یارییەکە کرایە دەرەوە.
 
کەناڵی ئێم بی سی کۆری نووسیوویەتی "ئەیمەن حوسێن بەهۆی ئەوەوە لە یارییەکە کرایە دەرەوە، کە بەدەستی چەپ خواردنی خواردووە و لە ئیسلامدا حەرامە، جگە لەوەی کە ئەو کردوویەتی سووکایەتییە بە بەرامبەرەکەی."
 
دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئوردن، لە قۆناخی شازدەی جامی ئاسیا، خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق گوتی "ناوبژیوان یارییەکە بردنەوەی لێ دزین، ناکرێت لە پاڵەوانێتییەکی وەک جامی ئاسیادا، یاریزان لەسەر شێوازی ئاهەنگگێرانەکەی لە یاری بکرێتە دەرەوە."
 
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، لەسەر ئاستی عێراق زۆرترین هێرشکراوەتە سەر عەلی رەزا فەغانی، ناوبژیوانی ئەو یارییە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئوسترالیا، کە ناوبژیوانەکە وڵاتینامەی ئەو وڵاتەی هەیە دەڵێت "هەموو پاڵپشتییەک بۆ خۆی و ماڵباتەکەی دووپاتدەکەینەوە، فیدراسیۆنەکەمان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر هێڵ دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە بابەتەکەدا و گرتنەبەری رێکاری پێویست."