راگەیێنراوێکی فەرمی لەبارەی ناوبژیوانی یارییەکەی عێراق و ئوردن

 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئوسترالیا، راگەیێنراوێکی فەرمی لەبارەی عەلی رەزا فەغانی، ناوبژیوانی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن بڵاوکردەوە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئوسترالیا، لە دوای ئەو هێرشانەی کرانە سەر ناوبژیوانی یارییەکە بەهۆی کرانە دەرەوەی ئەیمەن حوسێن لەو یارییەدا، کە عێراق دۆڕا و ماڵئاوایی لە جامی ئاسیا کرد، پاڵپشتیی خۆی بۆ ناوبژیوانەکە دووپاتکردەوە.
 
فیدراسیۆنەکە لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "لەگەڵ عەلی رەزا فەغانی لە پەیوەندی بەردەوامداین و هەموو پاڵپشتییەک بۆ خۆی و ماڵباتەکەی دووپاتدەکەینەوە، فیدراسیۆنەکەمان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییە ئەلیکترۆنییەکان لەسەر هێڵ دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە بابەتەکەدا و گرتنەبەری رێکاری پێویست."
 
بەپێی راگەیێنراوەکە، سەلامەتی و خۆشگوزەرانی سەرجەم ئەندامانی تۆپی پێی ئوسترالیا لەلای فیدراسیۆنەکە لە پێشینەی کارەکانیانە و بەرگری لە مافەکانیان دەکەن."
 
عەلی رەزا فەغانی، یەکێک لە باوبژیوانە دیارەکانی تۆپی پێی ئاسیایە، ئێستا تەمەنی 45 ساڵە، ئەو بەڕەچەڵەک ئێرانییە، بەڵام وڵاتینامەی ئوسترالیای هەیە و نوێنەرایەتیی ئەو وڵاتە دەکات.
 
سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی خولی ئێران دەڵێت "پەیوەندیمان بە پرسی ئەو ناوبژیوانەوە نییە، چونکە نوێنەرایەتیی ئوسترالیا دەکات."
 
لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئوردن، ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق، لەلایەن ناوبژیوانەکەوە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، ئەمەش کاردانەوەی گەورەی لەلایەن هاندەران و میدیای عێراقی دروستکرد و پێیانوایە ناوبژیوانەکە زوڵمی لە تیپەکەیان کردووە.