رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی یانەی دالکوردی سوێدی، بە جیا سەردانی یانەکانی باشووری کوردستان دەکات و دەیەوێت هاوئاهەنگی لەگەڵ یانەکان بکات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەیەکەوە کاری هاوبەش بکەن.
چەند رۆژێکە وڵات کلنجاسلان، جێگری سەرۆکی یانەی دالکورد لە باشووری کوردستانە و بەجیا سەردانی هەریەکە لە یانەکانی دهۆک، زاخۆ و هەولێری کرد و ئەمڕۆش بۆ سەردانیکردنی یانەی نەورۆز دەچێتە سلێمانی.
سەرەتا جێگری سەرۆکی یانەی دالکورد بە یاوەری دارەوان حەمە، بەرپرسی راگەیاندنی یانەکە لە باشووری کوردستان و مەمۆ میرال، ئەندامی دەستەی کارگێریی سەردانی یانەی دهۆکی کرد، لەگەڵ دکتۆر عەبدوڵلا جەلال، سەرۆکی یانەکە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک کۆبووەوە.
یانەی دهۆک لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا لەسەر پەیجی خۆی لە فەیسبووک نووسیوویەتی " بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و دالکورد، جێگری سەرۆکی یانەی دالکورد سەردانی یانەی دهۆکی کرد و پیرۆزبایی خۆیان گەیاندە دەستەی کارگێڕیی یانەی دهۆک و گفتوگۆ لەبارەی ئەو بابەتانە کرا کە لە داهاتوودا دەبنە هۆی پێشخستنی وەرزشی هەردوو یانە."
دوای ئەم سەردانە، جێگری سەرۆکی یانەی دالکورد بۆ لە نزیکەوە بینینی بەرپرسانی یانەی زاخۆ سەردانی ئەو شارەی کرد و لەگەڵ بڵند شەفیق، سەرۆکی یانەکە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەی زاخۆ کۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو یانەدا کرا.
لەلایەکی دیکەوە شاندی یانەی دالکورد لە شاری هەولێر سەردانی یانەی هەولێریان کرد، لەگەڵ وەلید عارەب، سەرۆکی یانەکە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی ئەو یانەیە کۆبوونەوە.
یانەی هەولێر لەسەر پەیجی خۆی لە فەیسبووک نووسیوویەتی " جێگری سەرۆکی یانەی دالکورد پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ستافی نوێی یانەی هەولێر کرد، باس لە هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولادا کرا، سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێریش پیرۆزبایی گەڕانەوەی بۆ خولی پلە یەکی سوێد لە یانەی دالکورد کرد، دوای ئەوەش هەردوولا درێسی یانەکانیان گۆڕییەوە."
وڵات کلنجاسلان، جێگری سەرۆکی یانەی دالکورد لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی " دالکورد بەشێکە لە هەموو کورد، ئیدی دەمانەوێت کارەکانمان بەیەکەوە فەرمی بن و پڕۆتۆکۆڵی هاوبەشمان هەبێت."
دارەوان حەمە، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی دالکورد لە باشووری کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " ئەمڕۆ دەچنە شاری سلێمانی بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لەگەڵ یانەی نەورۆز کۆببنەوە و گفتوگۆ لەبارەی کاری هاوبەشی نێوان هەردوولادا بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ