کیرۆش لە ترسی ونکردنی رێگەی هۆتێلەکەیان نەگەیشتە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی

رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی میسر لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا هەرایەکی گەورەی هێنایەوە، دوای ئەوەی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی کارلۆس کیرۆشی راهێنەری بۆ یارییەکەیان بەرامبەر مەغریب هەڵوەشێنرایەوە.
 
ئەمشەو هەڵبژاردەی میسر لە قۆناخی هەشتی جامی نەتەوەکانی ئەفریقادا رووبەڕووی مەغریب دەبێتەوە و بڕیاربوو کارلۆس کیرۆش و عەمرو سۆلییەی یاریزانی ئامادەی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە ببن، بەڵام بەشێوەیەکی ناچاوەڕوانکرا و کۆنگرەکە هەڵوەشێنرایەوە.
 
بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە هەڵبژاردەی میسر، هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکەی کیرۆش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە میسرییەکان نەوێراون کیرۆش لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی تایبەت بۆ کۆنگرەکە بنێرن، چونکە کاتێک لە مەشقەکان تەواوبوون دەبووایە شۆفێری پاسی هەڵبژاردەکە ئەوان بگەڕێنێتەوە هۆتێلی نیشتەجێبوونیان، کیرۆش و سۆلیە بە ئۆتۆمبێلێکی دیکە بچنە کۆنگرەکە، بەڵام ئەوان ترسان لەوەی ئەگەر کیرۆش بە ئۆتۆمبێلێکی دیکە بنێرن، لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ هۆتێلەکە رێگەی لێ بزرببێت، بۆیە بڕیاریاندا هەمووان بگەڕێنەوە هۆتێلەکە، ئینجا پاسەکە کیرۆش و سۆلییە بباتە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە.
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات، کە ئەوە روویدا لە کاتی رۆیشتن بۆ کۆنگرەکە قەڵەباڵخییەکی زۆری ئۆتۆمبێلەکان لەسەر شەقامەکاندا هەبوو، ئەوەش وایکرد کیرۆش لە کاتی خۆیدا نەگاتە کۆنگرەکە.
 
ئەو سەرچاوەیە دووپاتیدەکاتەوە کە ئەوان پێشوەختە لیژنەی رێکخستنی کۆنگرەکەیان لە دواکەوتنیان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا سووربووە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەکە.
 
یەکێتیی تۆپی پێی میسریش لەو بارەیەوە لە بڵاوکراوەیەکدا دووپاتیکردەوە کە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی راهێنەری هەڵبژاردەی میسر، دواکەوتنیان بووە لە گەیشتن بە کۆنگرەکە لە کاتی دیاریکراودا.
 
لە لایەکی دیکەوە هەندێک لە میدیاکان سکاڵایان لەسەر هەڵبژاردەی میسر تۆمارکردووە، بەهۆی ئەوەی بێئاگادارکردنەوەیان شوێنی مەشقەکانیان گۆڕیوە.