بارسێلۆنا لەپێناو مێسییەکەی ئەڵمانیا دوو ئەستێرەی دەردەکات

رووداو دیجیتاڵ

بۆ گواستنەوەی جەمال موسیالا، یانەی بارسێلۆنا بڕیاری فرۆشتنی دوو ئەستێرەی ئاست بەرزی دەدات، هانزی فلیکیش ناوەکان دەستنیشان دەکات!
 
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا، باس لەوە دەکات کە بارسێلۆنا یەکلاکەرەوەیە سەبارەت بەگواستنەوەی جەمال موسیالا، ئەستێرە لاوەکەی بایرن میونشن، چونکە هانزی فلیکی راهێنەر هاتنی ئەو بە کلیلی زیندووکردنەوەی پڕۆژەی یانەکەی دەزانێت.
 
بەڵام بەدەستهێنانی تواناکانی ئەو یاریزانە ئەڵمانییە کارێکی ئاسان نابێت، بە لەبەرچاوگرتنی گرانیی نرخەکەی لە بازاڕدا و ئەو دۆخە داراییە ئاڵۆزەی کە بارسا پێیدا تێدەپەڕێت.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی ئێل ناسیۆنالی ئیسپانی دەستی کەوتوون، بۆ بەدیهێنانی ئەم گرێبەستە، یانەکە دەبێت قوربانییەکی زۆر بدات لە رووی فرۆشتنەوە، فلیکیش پێشتر ئاماژەی بە هەندێک ناو کردووە کە دەتوانن تیپەکە بەجێبهێڵن.
 
یەکێک لەو یاریزانانەی کە ئەگەری هەیە بڕوات فرێنکی دی یۆنگی هۆڵەندییە، کە پێدەچێت فلیک گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی کە ئەو یاریزانە لەگەڵ سیستەمی یاریکردنی ئەو نەگونجێت. سەرەڕای کوالیتی بەرزی دی یۆنگ، بەڵام راهێنەری ئەڵمانی پێیوایە ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاست لەگەڵ فەلسەفەی ئێستای بارسا ناگونجێت. جگە لەوەش بەرزی مووچەی دی یۆنگ بارگرانییەکی دارایی لەسەر یانەکە دروست دەکات، بەمەش فرۆشتنەکەی دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی داهاتێکی بەرچاو بەدەستبهێنێت.
 
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دیکۆ بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسا ئێستا سەرقاڵی گەڕانە بەدوای جێگرەوەیەک بۆ شوێنی دی یۆنگ، کە هەندێک لە یانەکانی پرێمەرلیگ خوازیاری بەدەستهێنانی تواناکانی ئەوەن.
 
ناوی دووەم کە فلیک لەسەر مێزەکەی داناوە، رۆناڵد ئاراوخۆیە کە تاوەکو ئێستا بە یەکێک لە یاریزانە دەست لێنەدراوەکانی تیپەکە دادەنرا.
 
رۆیشتنی ئەو بەرگریکارە ئۆرۆگواییە بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا هەواڵێکی شۆک دەبێت، بەڵام فلیک پێیوایە هێڵی بەرگری بەباشی راهاتووە لەگەڵ یاریزانانی وەک کوبارسی و هەروەها یاریزانە بەئەزموونەکانی وەک ئینیگۆ مارتینێز و ئەندریاس کریستینسن.
 
هەرچەندە رۆیشتنی ئاراوخۆ بە ئازار دەبێت، بەڵام فلیک پێیوایە وازهێنان لە ئاراوخۆ لەپێناو بەدەستهێنانی تواناکانی موسیالا بڕیارێکی رەوایە، کە ئەو وەک یاریزانێک دەیبینێت کە توانای داڕشتنی سەردەمێکی نوێی بۆ بارسێلۆنای هەیە. جگە لەوەش  ناوبانگ و کوالیتیی گەورەی ئاراوخۆ لە ئەورووپا فرۆشتنی ئەو یاریزانە ئاسانتر دەکات بۆ بەدەستهێنانی بڕە پارەیەکی زۆر.
 
گرنگیدانی بارسێلۆنا بۆ موسیالا کاتی نییە. ئەو یاریزانە لاوە، چ لەگەڵ بایرن میونشن یان لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، توانایەکی گەورەی نیشانداوە کە وای لێدەکات ببێتە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان. 
 
توانای یاریکردنی لەنێوان هێڵەکاندا و دیدگای باشی لە یاریگادا وای لێدەکات ببێتە هێزێکی گەورە لە پێکهاتەی بارسادا.
 
گواستنەوەی موسیالا دەبێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ یانە کەتەلۆنییەکە، بەڵام لەهەمانکاتدا هەنگاوێکە کە پێویستی بەبڕیاردانی قورس هەیە. ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەستەی کارگێڕیی بارسێلۆنادایە، کە دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە ئایا موسیالا شایەنی ئەوەیە قوربانی بە دی یۆنگ و ئاراوخۆ بدرێت.