دێربیی گەرمیان سەرنجڕاکێشترینی ئەم گەڕەی خولی نایابی کوردستان دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە گەڕی دەیەمی خولی نایابی کوردستان چەندین یاریی ئاگرین ئەنجام دەدرێن، دیارترینیان یاریی سەیدسادق و هەندرێن و هەولێر و پیشەسازییە، لە کاتێکدا لە دێربیی گەرمیاندا هەردوو یانەی دەربەندیخان و شێروانە رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
شەقڵاوە - رزگاری
یانەی شەقڵاوە میوانداری یانەی رزگاری دەکات و هەردوو یانە ئامانجی دیاریکراوی خۆیانیان هەیە، شەقڵاوە بەم سێ خاڵە دەیەوێت تا رادەیەک دوورکەوێتەوە لە دابەزین و رزگارییش ئەم سێ خاڵە زیاتر نزیکی دەکاتەوە لە پلەکانی پێشەوە
یانەی شەقڵاوە بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ لە ریزبەندی 12 دێت و رزگاریش بە 14 خاڵ.
سەیدسادق – هەندرێن
یانەی سەیدسادق و هەندرێن دوو یانەن خاوەنی کەمترین بردنەوەن، سەیدسادق هیچ بردنەوەیەکی نییە و هەندرێنیش لە دوایین گەڕ، یەکەم سەرکەوتنی خۆی بەدەستهێنا.
هەردوو یانە لە لێواری دابەزینن و ئەم سێ خاڵە گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی لە ناوچەی دابەزین دووربکەونەوە.
یانەی سەیدسادق دەستی بە گواستنەوەی یاریزانان کردووە و دوێنێ چوار یاریزانی نوێی بۆ یانەکە گواستووەتەوە.
یانەی سەیدسادق بە کۆکردنەوەی چوار خاڵ دوایەمینی ریزبەندییەکەیە و هەندرێنیش بە حەوت خاڵ لە پلەی 13ـی ریزبەندییەکە دێت.
هەولێر- پیشەسازی
یانەی هەولێر، دوای سێ بردنەوەی لەسەر یەک، دەیەوێت بردنەوەی چوارەمیش لە نێو یاریگای خۆی تۆمار بکات بەسەر تیپێک کە چوار یارییە نەیبردووەتەوە کە یانەی پیشەسازییە.
یانەی هەولێر، بەهۆی ئەنجامە باشەکانی سێ یاریی رابردووی، خۆی لە ناوچەی دابەزین دوورخستەوە و ئێستا یانەکە لە پلەی دەیەمە و پیشەسازیش ئێستا لە پلەی پێنجەمی خولەکە دەبینرێت.
ئاکرێ – رانیە
یانەی ئاکرێ، ئەنجامە خراپەکانی دوایین سێ یارییان لە خولەکە لە پلەکانی پێشەوەی دوورخستووەتەوە و رانیەش چوار یارییە یەکساندەبێت و دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگای خۆی سێ خاڵی گرنگ بباتەوە دەڤەری راپەڕین.
هەردوو یانە دوای چەندین یاریی دەیانەوێت سێ خاڵ گرنگ ببەخشنە هاندەرەکانییان و لە ریزبەندی بچنە پێشەوەی ریزبەندیی خولی نایابی کوردستان.
یانەی ئاکرێ، بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی حەوتەم دێت، یانەی رانیەش بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ لە پلەی 11ـی دێت.
دەربەندیخان – شێروانە
یانەی دەربەندیخان، میوانداری یەکەمی ریزبەندی خولەکە دەکات و دوای چوار یاریی لە دۆڕان و یەکسانبوون، دەیەوێت بەسەر شێروانە سەرکەوێت.
یانەی شێروانە تاوەکو ئێستا ئاستێکی ناوازە پێشکێش دەکات و لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولی نایابی کوردستان دەبینرێت، یانەی دەربەندیخانیش چەند یارییەکە رێگەی سەرکەوتنی ون کردووە و ئەم سێ خاڵە چەند پلەیەک دەیباتە پێشەوەی ریزبەندی و ئێستا یانەکە بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە پلەی هەشتەم دێت.
سیروانی نوێ - زاخۆ
سیروانی نوێ ئەسپە رەشەکەی ئەمساڵی خولی نایابە، لە شەش یاریی رابردوو تەنیا یەک دۆڕانی هەیە و یانەکە بە ئاستێکی سەقامگیردا تێدەپەڕێت، یانەی زاخۆش ئەمساڵ تاوەکو ئێستا ئەنجامەکانی جێگیرن و لە 10 یاریی خولەکە تەنیا دوو یاریی دۆڕاون.
یانەی سیروانی نوێ خاوەنی بەهێزترین هێڵی بەرگرییە و لە نۆ یارییدا تەنیا حەوت گۆڵی لێکراوە، یانەی زاخۆش سەرەڕای ئەوەی رێژەیەکی زۆری گۆڵ تۆمار کردووە کە 16 گۆڵە بەڵام 14 گۆڵیشی لێکراوە.
یانەی زاخۆ لە پلەی سێیەم دێت بە کۆکردنەوەی 16 خاڵ و سیروانی نوێش بە کۆکردنەوەی 15 خاڵ لە چوارەمی ریزبەندییەکە دێت.
چوارقوڕنە – برایەتی
یانەی برایەتی، لەیاریی بەرامبەر یانەی سیروانی نوێ لە گەڕی رابردوو لە ماوەی چوار خولەکدا دوو گۆڵی لێکرا و یارییەکەیان دۆڕاند، ئەمجارە تیپەکەی یونس سلێمان رووبەڕووی یانەی چوارقوڕنە دەبێتەوە.
یانەی برایەتی بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ لە ریزبەندیی دەیەمدا دەبینرێت و یانەی چوارقوڕنەش بەبێ هیچ بردنەوەیەک لە 14ـی ریزبەندی خولی کوردستان دەبینرێت.
ریزبەندی خولی نایابی کوردستان پێش یارییەکانی ئەمڕۆ
1- شێروانە 22 خاڵ
2- پێشمەرگەی هەولێر 19 خاڵ
3- زاخۆ 16 خاڵ
4- سیروانی نوێ 15 خاڵ
5- پیشەسازی 15 خاڵ
6- رزگاری 14 خاڵ
7- ئاکرێ 13 خاڵ
8- دەربەندیخان 12 خاڵ
9- برایەتی 12 خاڵ
10- هەولێر 10 خاڵ
11- رانیە 10 خاڵ
12- شەقڵاوە 9 خاڵ
13- هەندرێن 7 خاڵ
14- چورقوڕنە 5 خاڵ
15- سەیدسادق 4 خاڵ