ئارتێتا بۆ دووەم جار تووشی کۆرۆنا بوو

میکێل ئارتێتا راهێنەری یانەی ئارسیناڵ بۆ جاری دووەم تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو
 
دوای ئەوەی لە دوایین پشکنینی پزیشکی ئاشکرابوو، میکێل ئارتێتا بۆ جاری دووەم تووشی کۆرۆنا بووە و پشکنینەکەی پۆزەتیڤ بووە، ناتوانێت بۆ یاری یانەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی ئامادەبێت، چونکە دەبێت تاوەکو 10 رۆژی دیکە خۆی کەرەنتین بکات.
 
لە مانگی مارسی 2020 ئارتێتا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، بۆیە ئەمە دووەم جارە ئەنجامی پشکنینەکانی ئەرێنییە، بۆیە هەریەکە لە یاردەدەرانی راهێنەر ئەلبێرت ستۆفینبێرگ و ستیڤ راوند، ئەرکی راهێنانی یانەی ئارسیناڵ لەئەستۆ دەگرن.
 
لە بۆکسین دای، هەریەکە لە پاتریک ڤێرا، راهێنەری کریستاڵ پاڵاس، سیڤن جیرارد، راهێنەری ئاستۆڤیلا، بەهۆی تووشبوونیان بە کۆرۆنا سەرپەرشتی تیپەکانیان نەکرد.
 
بڕیاری حکومەتی بەریتانیا ئەوەیە هەر یاریزان و راهێنەر، یان ستافی یانەکان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببن، دەبێت بۆ ماوەی 10 رۆژ بە تەنیا خۆیان کەرەنتین بکەن.
 
یانەی ئارسیناڵ لە بڵاوکراوەیەکدا نوویسیویەتی: "هیوای باشی و سەلامەتی بۆ ئارتێتا دەخوازین، ئەو ئیستا رێنماییەکان جێبەجێ دەکات و خۆی کەرەنتین  کردووە".
 
یانەی ئارسیناڵ بە قۆناخێکی زۆر باشدا تێپەڕ دەبێت، لە چوار یاریی رابردوو سەرکەوتنی تۆمار کردووە، بە کۆکردنەوەی 35 خاڵ بە پلەی چوارەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ دێت، بڕیارە لە 1ی یەنایەر لە یاریگەی ئیمارات رووبەڕووی یانەی مانچێستەر سیتی پێشەنگی خولەکە ببێتەوە.