سەرۆکی گینیا هەڕەشە لە یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

"یان جامی نەتەوەکانی ئەفریقا بەدەستدەهێنن یان پارەکە دەگەڕێننەوە"، بەمشێوەیە مامادی دۆمبۆیای سەرۆکی گینیا هۆشداری دایە یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، کە لە کامیرۆن بەشداری لە جامی ئەفریقادا دەکەن.
 
دۆمبۆیا لە کاتی رادەستکردنی ئاڵای وڵاتەکەی بە یاریزانەکانی، گوتی "دەبێت وەک سەربازێک کە لە پێشەوەی گۆڕەپانی شەڕ دەجەنگێت بڕۆنە کامیرۆن، بۆ بەرگریکردن لە شەرەف و کەرامەتی وڵات".
 
ئەم مانشێتە و ئەم قسانەی سەرۆکی گینیا جێگای سەرسوڕمان نین، کاتێک دەزانی کە مامادی دۆمبۆیای سەرۆکی کاتی گینیا جەنەراڵێکی سوپایە، کە دوای کودەتایەکی سەربازی لە دژی سەرۆکێکی هەڵبژێردراو، ئەلفا عومەر کۆنری دەسەڵاتی گرتە دەست.
 
پێش ئەوەی یاریزانانی وڵاتەکەی بچنە کامیرۆن بۆ جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، کە لە 9ـی کانوونی دووەمەوە دەستپێدەکات، جەنەراڵ دۆمبۆیا رێوڕەسمێکی بۆ هەڵبژاردەی تۆپی پێی وڵاتەکەی سازکرد، بۆ ئەوەی ئاڵای وڵات رادەستی ئەندامانی شاندەکە بکات.
 
لەو رێوڕەسمەدا دۆمبیۆیا پەیامێکی روونی دایە یاریزانەکانی و تێیدا بەڵێن و هۆشداری تێکەڵکردن و پێیگوتن "جامەکە بهێننەوە، یان هەموو ئەو پارەیەی کە خەرجتان کردووە دەیدەنەوە".
 
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی گینیا، سەرۆک بە یاریزانانک گوتووە کە پێویستە وەک جەنگاوەر بچنە کامیرۆن و لەپێناو شەرەف و کەرامەتی گینیادا یاری بکەن. ئەو بە یاریزانەکانی گوتووە "لە رێگەی ئێوەوە دەبێت هەست بە گەورەیی گەلی گینی بکەین، لە رێگەی ئاستی ئێوە لەنێو یاریگەدا کەرامەت و بوێری ئەم گەلە بەدەست دەهێنینەوە".
 
هەڵبژاردەی گینیا لە جامی ئەفریقادا، یارییەکانی لە کۆمەڵەی دووەمدا ئەنجام دەدات، کە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بەرامبەر هەڵبژاردەکانی سەنیگال، زیمبابۆی و مالاوی یاری دەکات".