کڵۆپ: لێستەر سیتی شایەنی بردنەوە بوو

29-12-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یۆرگن کڵۆپ لێستەر سیتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، دانی بەوەدا نا کە یانەی لێستەر سیتی شایەنی ئەوەبوو لە تیپەکەی بباتەوە، ئەگەرچی پێیوابوو کە یاریزانەکانی لەو یارییەدا شانسیان نەبوو.
 
لە درێژەی یارییەکانی بۆکسینگ دەی لە پرێمەریگدا، لیڤەرپوول بووە میوانی لێستەر سیتی و بە گۆڵێکی بێبەرامبەر پێی دۆڕا.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، یۆرگن کڵۆپ قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "ئەگەر جارێکی دیکە سەیری یارییەکە بکەمەوە لەوانەیە ئەوە ببینم کە ئێمە شانسمان نەبوو. دڵنیانیم کە ئەمە شیکردنەوە بێت، بەڵام ئێمە یارییەکی سەیر و نامۆمان کرد و هەلی گۆڵکردنمان زۆر بوون".
 
راهێنەری رێدز زیاتر گوتی "لێستەر سیتی تەنیا یەک لێدانی ئاراستەی گۆڵی ئێمە کرد، ئەوەش باشبوو، بەڵام ئێمە ئەوەی پێویست بوو نەمانکرد بۆ بردنەوە لە لێستەر سیتی، بۆیە ئەوان شایەنی بردنەوە بوون".
 
کڵۆپ باسی هۆکاری شکستەکەسیانی کرد و گوتی "هۆکاری شکستەکەمان روونە، ئەوان دەبووایە لە دوو رۆژدا دوو یاری بکەن، دەبووایە لەم ماوە زەحمەتەدا بەباشی تێبکۆشن و بە باشی توانیان ئەوە بکەن".
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکە لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، دووپاتیکردەوە "ئەنجامەکە و ئەوەی روویدا بۆ ئێمە باش نەبوو، بە شێوازی خۆمان یاریمان نەکرد و ئەو ئاستەمان پێشکەش نەکرد کە پێی ناسراوین، کە ئەمەش تاکە شتە کە پێویستە بیری لێبکەینەوە و راستەوخۆ بیگۆڕین".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە