گریزمان باسی کەزییەکانی دەکات

رووداو دیجیتال

ئەنتوان گریزمان، یاریزانی فەرەنسی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، ئاشکرایکرد کە داڤید بێکهامی ئەفسانەی ئینگلیزی نموونەی بەرزی ئەوە و دووپاتیکردەوە کە کەزی کردنەکەیشی بەهۆی لاساییکردنەوەی بێکهامە.

ئەستێرەی فەرەنسی، گوتی "زۆر سەرسامم بە بێکهام، ئەو نموونەی بەرزی منە، تەنانەت کەزی کردنیشم لاساییکردنەوەی ئەوە".

گریزمان هەروەها گوتی "بێگومان خاوەنی جوانترین قژ لەنێو یاریزانانی بارسێلۆنادا منم".

هێرشبەری بارسا، ئاشکراشیکرد کە خەوتن یەکێکە لە خۆشترین ئارەزووەکانی و گوتی "زۆر حەزم لە خەوتنە، زۆرجار کە دەخەوم تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی دواتر لە خەو هەڵناستم". هەروەها گوتی "حەزم لە پلەیستەیشنیشە".

گریزۆ سەبارەت بەوەی کێ بە ئەفسانەی خۆی دەزانێت لە بارسێلۆنا؟ ئەو بەبێ دوودڵی گوتی "کارلیس پویۆل"، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە حەزدەکات هاتریک تۆماربکات نەک لە دوایین چرکەکانی یارییدا گۆڵێکی یەکلاکەرەوە بکات.

ئەنتوان گریزمان، کە بەرامبەر 120 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆناوە کردووە، تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە وەک پێویست خۆی لەگەڵ یانەی کەتەلۆنی بگونجێنێت و زۆرجار رووبەڕووی گلەیی و رەخنەی هەوادارانی بارسا دەبێتەوە.