وێستهام پێلێگرینی ده‌ركرد

29-12-2019
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مانوێل پێلێگرین وێستهام یونایتد
A+ A-

رووداو ـ هه‌ولێر

یانه‌ی وێستهام یونایتدی ئینگلیزی، به‌فه‌رمی له‌سه‌ركارلادانی مانوێل پێلێگرینی راهێنه‌ری تیپه‌كه‌ی راگه‌یاند، به‌هۆی خراپی ئه‌نجامه‌كانی یانه‌كه‌ له‌ پرێمه‌رلیگدا.

وێستهام له‌م وه‌رزه‌دا كه‌مترین خاڵی له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئاستی یانه‌كانی پرێمه‌رلیگ به‌ده‌ستهێناوه‌، كه‌ ته‌نیا 7 خاڵه‌ و 4 یارییه‌ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی ده‌دۆڕێت، كه‌ له‌ 19 یارییدا 19 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی 17ی ریزبه‌ندی پرێمه‌رلیگ دێت.

یانه‌ی وێستهام له‌ رێگه‌ی بڵاوكراوه‌یه‌كی فه‌رمییه‌وه‌، له‌سه‌ركارلادانی پێلێگرینی راگه‌یاند، كه‌ له‌ بڵاوكراوه‌كه‌دا هاتووه‌ "سه‌رۆك و ئه‌نجووومه‌نی كارگێڕی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ وێستهامن سوپاسی پێلێگرینی ده‌كه‌ن بۆ خزمه‌ته‌ی له‌ 18 مانگدا پێشكه‌شی یانه‌كه‌مانی كردووه‌".

هه‌روه‌ها له‌ بڵاوكراوه‌كه‌ی وێستهامدا هاتووه‌ "پێلێگرینی پیاوێكی به‌ڕێزه‌ و ده‌ستبه‌رداربوون له‌ كه‌سێكی وه‌ك ئه‌و بڕیارێكی زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام پێویستیمان به‌ گۆڕان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچینه‌وه‌ سه‌ر رێچكه‌ دروسته‌كه‌".

كۆمه‌ڵێك راهێنه‌ر به‌ربژێرن بۆ جێگرتنه‌وه‌ی مانوێل پێلێگرینی له‌ سه‌رووشیانه‌وه‌ ده‌یڤێد مۆیس و نیكۆ كۆڤاچ و رافایێل بێنێتێز و پاولۆ دیكانیۆ و سكۆت پاركه‌ر، كه‌ به‌پێی پێشبینی رۆژنامه‌كانی به‌ریتانیا، مۆیس نزیكترینیانه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته‌.

ئه‌م بڕیاره‌ی یانه‌ی وێستهام له‌دوای ئه‌و شكسته‌ هات كه‌ وێستهام له‌سه‌ر یاریگه‌ی خۆی به‌ یانه‌ی لیسته‌ر سیتی دۆڕا به‌ ئه‌نجامی 1 ـ 2 گۆڵ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە